شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئه‌و شۆڕشه‌ی پێویسته‌ گه‌نجان به‌رپای بكه‌ن

ستاره‌ خالید

گه‌نجان و لاوانی كوردستان جیا له‌ گه‌نج و لاوانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، میراتگری ڕابردوویەكن له‌ خه‌بات و خوێن و قوربانی دان و سوتماك و وێرانی وڵاتمان به‌ ده‌ستی داگیركه‌رانه‌وه‌، ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ی ڕابردووی كوردستانیان بۆ ئه‌مڕۆ و ئه‌و ئازادیه‌ بوو كه‌ شه‌هیدانمان ئه‌و ڕۆژه‌یان به‌چاوی خۆیان نه‌بینی، به‌ڵام پاراستن و بره‌وپێدان و به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌و ئه‌زمونه‌مان ئامانه‌ته ‌و له‌ ئه‌ستۆی گه‌نجان و لاوانی ئه‌مڕۆ دایه،‌ به‌ حووكمی ئه‌وه‌ی لاوان وزه‌ و توانا و هه‌وێنی به‌ره‌و پێشچوونه‌كانی هه‌موو وڵاتانن، بۆیه‌ ده‌بێ لاوانی میراتگری دوێنێی شوڕش و قوربانیدانه‌كانی گه‌لەكه‌مان هاوشانی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و زانست و سیاسی به‌رپا بكه‌ن بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ده‌سكه‌وته‌كان و دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان.
بۆیه‌ سه‌ركرده‌ی ڕوحی نه‌ته‌وه‌ییمان بارزانیی نه‌مر، په‌یوه‌ست به‌ لاوان و ڕۆڵیان له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵاندا دەفەرموێ؛(لاوان شورەی پۆڵاینن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا)، جا ئه‌گه‌ر لاوان له‌ دوێنێدا شوره‌ی پۆڵاین بووبن له‌ گشت شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كاندا به‌رامبه‌ر داگیركه‌رانی خاك و وڵاتمان و ئه‌مڕۆش وڵاتمان له‌ سایه‌ی خه‌باتی گه‌نجان و لاوانی دوێنێ كه‌ به‌ گیان و رووحی خۆیان له‌ خه‌بات دابوون بۆ ئه‌مڕۆ. ده‌بێ شۆڕشی دوێنێی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئاوێـته‌ی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مڕۆ بكه‌ن له‌ ژێر سێبه‌ی ئاڵای كوردستان و ببنه‌ شوره‌ی پۆڵاینی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان.
پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئه‌و پارته‌یه‌ بەدرێژایی تەمەنێكی 78 ساڵه‌ی پڕ لە بەخشش و تێكۆشان ڕۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆی بینیوە لە هەوڵ و كۆششەكانی بۆ بەدیهاتنی دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی هۆشیار و خوێنگەرمی لاوان كه‌ هیوای گەلەكەمان بوون، بۆیه‌ پێویستە بۆ لەمەودواش بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ و داهاتوو ڕۆڵی گرنگ و پڕ شانازی خۆمان له‌ ڕیزه‌كان پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ببینین، له‌ خزمەتی زیاتری ئەو ئەزموونە و پارێزگاریش لەو دەسكەوتانەی هاتوونەتە دی بكەین، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و جیهانیش لاوان نەقشی ئەساسی و کاریگەری خۆیان لە بونیادنانی کۆمەڵگه‌ی كوردستانی ببینین بۆ به‌ره‌و پێشچوونی زیاتری وڵاته‌كه‌مان و ناساندنی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌ ڕێگه‌ی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌.