بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ لەسۆران كرا

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی راگەیاند، چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک کراون بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، رەزامەندیش دراوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران. بەرپرسانی تەندروستیش لەو سنوورە دەڵێن، حکوومەتی هەرێم لەرووی تەندروستییەوە گرنگیەکی زۆری بە ئیدارەی سۆران داوە و لە داهاتوودا چەند پرۆژەی گرنگی تەندروستی دەکەونە خزمەتی هاووڵاتیانی ناوچەکە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ دەڤەری سۆران چەند نەخۆشخانەیەکی ناوچەکەی بەسەر کردەوە و چەند بەشێکی گرنگیش لەناو نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کرانەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، وەزیری تەندروستی گوتی:” کردنەوەی چەند بەشێکی گرنگ لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە هەموویان گرنگرتر خزمەتگوزاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ، بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە دەرەوەی پارێزگاکان، لە ئیدارەی سۆران نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ ئەنجامدرا، بۆیە پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکەین کە ئەمە دابینکردنی خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی رۆتینە”.
د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە سۆران دەکرێتەوە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە کە نەخۆشخانەیەکی 25 تەختی لە ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران دروست بکرێت، لە ئایندەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند:”یەکێک لە بریارە گرنگەکان بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆرانە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ خەڵکی ناوچەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ چاودێری کارەکان دەکات بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکەین”.
د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، بۆ “هەولێر” گوتی:” حکوومەتی هەرێم گرنگیەکی زۆری بە ئیدارەی سۆران داوە، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی زۆر گرنگە، چونکە لێرە بەدواوە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەت دەکرێت و، ساڵانە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتی تەندروستی جێبەجێ دەکرێن، کردنەوەی بەشی دڵ لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران زۆر گرنگ بوو، چونکە چی دیکە پێویست ناکات نەخۆشەکانی ئیدارەی سۆران روو لە هەولێر و شوێنەکانی دیکە بکەن، بەڵکو هەر لە سۆران چارەسەر وەردەگرن”.
بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، گوتیشی:” لە داهاتوودا تاقیگەی مەرکەزی، لەناو سۆران دەکرێتەوە، کە زۆر گرنگە و هەموو پشکنینێک لە سۆران دەکرێت، لەگەڵ دروستکردنی نەخۆشخانەی 50 تەختی رواندز، کە هەوڵدەدەین ئەمساڵ پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشخانەی خەلیفان نۆژەن کراوەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە، لە سیدەکان نەخۆشخانەیەکی 25 تەختی دروست دەکرێت، لەگەڵ کردنەوەی چەند بەشێکی نوێ، بە کردنەوە و تەواوبوونی ئەو پرۆژانە کێشەکانی تەندروستی تا رادەیەکی زۆر لەناوچەکە چارەسەر دەبن”.

ھەواڵی زیاتر