ئەیاد عەللاوی هۆشداری لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەدات

ئەیاد عەلاوی ھۆشداری لە هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەدات و دەڵێت: ھەموارەكە دەبێتە ھۆی قووڵبوونەوەی مەزهەبگەرایی لە عێراق.

ناڕەزایەتیی كەسایەتییەكان و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ‌دژی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی له ‌عێراق به‌رده‌وامە.

ئەوان پێیان وایه‌ هه‌ر هه‌موارێك له‌ یاساكه‌، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زۆر خێزان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر شیرازەی کۆمەڵگە دەبێت.

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەبارەت بە هەوڵەکانی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی، ڕایگەیاند “هەموارەکە جێگەی قبوڵکردن نییە، چونکە مەزهەبگەرایی لە عێراقدا قووڵ دەکاتەوە و دۆخەکە خراپتر دەکات”.

عەلاوی گوتیشی: نابێت یاسایەک هەموار بکرێتەوە کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی گەلی عێراق و هەموارەکە بە هیچ شێوەیەك خزمەتی عێراق ناکات.

هەمواری یاسای باری کەسێتی، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. ڕۆژی 24ی تەمموز بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پرۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی ڕۆژی4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.

به‌ گوێره‌ی یاسای 1959 له‌كاتی ناكۆكی له‌نێوان هاوسه‌راندا په‌نا بۆ رای یاسایی و دادگاكان ده‌بردرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مواره‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌ مه‌زهه‌ب دراوه‌ نه‌وه‌ك دادوه‌ره‌كان. ھەروەھا ده‌بێ كچ و كوڕ پێش زەماوەند یه‌كێك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی شیعه‌ یان سوننه‌ هه‌ڵبژێرن.

هه‌روه‌ها له‌ یاساكه‌ی پێشوودا، ته‌مه‌نی 18 ساڵی بۆ زەماوەند دیاری كراوه‌، ڕێگه‌ش نادات له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان پرۆسه‌كه‌ بکرێت و ڕێگه‌ش به‌ هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ نادات، به‌ڵام له‌م هه‌مواره‌دا پشت به‌ ته‌مه‌ن نابه‌ستێت و ڕێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ زەماوەندی پێشوه‌خته‌.