لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە كەمترە لە ستانداردە جیهانییەكان

لە میانی بەڕێوە چوونی دووهەمین كۆنفرانسی زانستیی شێرپەنجەی خوێن ونەخۆشیەكانی خوێن لە شاری سلێمانی، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان كەمترە لە ستانداردی جیهانی و زیاتر لە 90% توشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە گشتییەكان چارەسەر وەردەگرن.

د. سامان بەرزنجی، گوتیشی: ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا ڕووی لە زیاد بوونە، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی توشبوون كەمترە لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی و لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر سەد هەزار كەس 151 تووشبوو تۆمار دەكرێت، بە راورد بە جیهان بۆ هەر سەد هەزار كەس 190 توشبوو تۆمار دەكرێت، جەختیشی كردەوە كە پێداویستی شێرپەنجە لە ئاستێكی باشدایە و زیاتر لە سەدا 90 توشبووان لە نەخۆشخانە گشتییەكان چارەسەر وەردەگرن.
دووهەمین لوتكەی زانستیی شێرپەنجەی خوێن و نەخۆشیەكانی خوێن لەشاری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە (200)پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجەی خوێن و نەخۆشیەكانی خوێن لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو. د. ئەیووب محمەد، ڕێكخەری كۆنفرانسەكە ڕوونیكردەوە: لە كۆنفرانسەكەدا خزمەتگوزارییە تەندروستییە نوێییەكان خرانە ڕوو، گفتوگۆ كرا لە بارەی تازەترین پێشهاتەكان و 55 توێژینەوە پێشكەشكرا، هەر داهێنانێكی زانستی كە دەكرێت ڕێگای چارەسەری دەخرێتە ڕوو هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەكرێت، بۆیە بە شێوەیەكی تازەتر كاری لەسەر دەكرێت و هەر بۆیە دەرئەنجامی باشتریشی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر