بەرپرسێکی سەندیکای هونەرمەندان:زۆرترین خاوەن بڕوانامەی باڵامان تێدایە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشیە ٤٠ هونەرمەندی بوارو جیاوازەکان کە بوونەتە خاوەنی بڕوانامەی خوێندنی باڵا.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە مەراسیمێکدا، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە ٤٠ هونەرمەند کە لە بوارەکانی هونەر (شانۆ، موزیک، سینەما) توانیویانە بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر بەدەست بهێنن.
لەو بارەیەوە د.رۆژگار کەمال، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە هەولێری راگەیاند، ئەو هونەرمەندانەی کە ئەمرۆ خەڵاتیان پێشکەشکرا واتە ٤٠ توێژینەوە بە زمانی کوردی پێشکەشی کتێبخانەی هونەری کوردی کراوە کە بەدڵنیاییەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو سوودی دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، زۆر گرنگە ئەگەر بتوانرێت لە داهاتوودا ئەم توێژینەوانە چاپ بکرێن تا خوێندکارانە بتوانن سوودیان لێوەرگرن.
د.رۆژگار وتی “دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین کە سەندیکای هونەرمەندان بەراورد بە سەندیکاکانی دیکە زۆرترین خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵای تێدایە، کە زۆربەیان مامۆستان لە زانکۆی سلێمانی و پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی و دەتوانن هونەرمەندی باش پێبگەیەنن”.

ھەواڵی زیاتر