هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووەوە

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ جەنەراڵ کێڤن لێیهی فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

له کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و تیرۆر تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان دووپاتکردەوە.

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان جەختی لە گرنگیی هاوبەشی و بەهاداریی خەباتی پێکەوەیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.

پێشکەوتنەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.