کۆمپانیایەک 440 هەزار ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون بۆ وڵاتێکی ئەورووپا بەرهەم دەهێنێت

کۆمپانیای دەرمانی ‘باڤاریان نۆردیک’ـی دانیمارکی ڕایگەیاند “گرێبەستێکیان بۆ دابینکردنی 440 هەزار ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون بۆ وڵاتێکی ئەورووپا ئیمزا کردووە، بەڵام ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە”.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی جۆرێک نەخۆشی مەترسیدارتر لە ئیمبۆکس بە ناوی “کلاید 1 بی” ئێستا حاڵەتێکی لەناکاوی تەندروستیی جیهانییە.

سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای پۆڵ چاپلن، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “دوایین داواکاری وەک بەشێک لە ڕێنماییە سەرەکیەکانمان بۆ ئەمساڵ پلانی بۆ دانراوە، بۆیە کاریگەری نابێت لەسەر توانای پشتیوانیی حکوومەت و ڕێکخراوەکان لە وەڵامدانەوەی باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانی کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕاگەیەنراوە.

کۆمپانیاکەی دروستکردنی ڤاکسین جەختی کردەوە، ئامادەن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، 10 ملیۆن ڤاکسینی دژی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون دابین بکەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی ڤاکسین دەکات و دەڵێت، دەبێت پێشدەستیی هەڵمەتی کوتان بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتوو بێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی یەکێتیی ئەفریقا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، نزیکەی 200 هەزار ڤاکسین لە ئەفریقا دابەش دەکرێت، ئەمەش بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا و کۆمپانیای باڤاریان نۆردیک، کە لە ساڵی 2019ەوە ڤاکسینەکەیان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون پەسەند کراوە.

فەڕەنسا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، 100 هەزار ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون دەبەخشێت بەو وڵاتانەی کە تووشبوونیان تییدا تۆمارکراوە، ئەمەریکاش دەڵێت: 50 هەزار ڤاکسین دەبەخشێت بە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی کە ئەمساڵ زیاتر لە 16 هەزار تووشبووی هەبووە و 500 حاڵەتی گیان سپاردنیشی هەبووە.

لە 15ـی ئاب، سوید یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کلاید 1 تۆمار کرد.

ھەواڵی زیاتر