پارچە زەوی پێویست بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران ئامادەکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەنگاوی کردەیی بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران لە سنووری شارەوانییەکان نراوە، لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ھەزاران پارچە زەوی ئامادەکراون و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن.

ڕۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزەکانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێکی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڵاویکردەوە، بەمەبەستی بەخێرایی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ھەنگاوی کردەیی بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان نراوە و ئێستاش کارکردن لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە، ھاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان سەرجەم تیمە ئەندازیارییەکانی خۆیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی ڕووپێویکردنی زەوی، چڕتر و خێراتر بکەنەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخشەکان لە نزیکترین کاتدا، تاوەکو فەرمانبەران بەزوویی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببن.
ناوی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمین و زەوییان وەرنەگرتووە و تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، بە لیست دراوەتە قایمقامیەتی قەزاکان، ئەوانیش بۆ پارێزگاکان و شوێنی مەبەستیان ڕەوانە کردووە و ئێستا کاری لەسەر دەکەن، ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت نابێت لە دوو سەد مەتر کەمتر بێت واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەتر بێت و پانی شەقامەکان بۆ ناو شار و قەزا و ناحییەکان دوازدە مەتر کەمتر نەبێت.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد: دابەشکردنی پارچە زەوی بەپێی شوێنی نیشتەجێ بوون و لە دایکبوونی ئەو فەرمانبەرانەیە کە زەوی وەردەگرن، بۆ نموونە فەرمانبەرانی ئاکرێ، لەو شارە پارچە زەوی وەردەگرن، فەرمانبەرانی سێمێل لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان وەردەگرن، شێخان بە ھەمان شێوە، سەبارەت بە سەنتەری شاری دھۆکیش نزیکترین ئەو پارچە زەوییانەی کە ماون و بەردەستن لەوێ بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە دھۆک لە سێ لاوە گەیشتووتە چیا و ھیچ شوێنێک نەماوە، ئەوەی ماوە تەنیا ڕۆژئاوای دھۆکە و لەوێ پارچە زەوی ئامادەکراون و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت.
ھەرچی تایبەت بێت بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی پازدە ھەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی ئەو شارە دابینکراون.

ھەواڵی زیاتر