پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئێوارە نارنجییەكان

سەلما تۆما كاكۆ

ئای لە ئێوارە نارنجیەكانی
كۆتایی ئەم پاییزە
چەند لە ئاوا بوونی خۆر
ئەترسن
ئەترسن ئاسمان دەسبەرداری
هەوری خەم نەبێ و.
هەورە تریشقەی نائومێدی
ساماڵی خۆشی بتۆرێنێ
نە ئەستێرەكان دەركەون
نە…مانگەشەو
ڕۆشنایی بێنێ
ئێوارە نارنجییەكان
وەك جاران نین
خۆشیی بێنن
شیعری جوانم پێ بنووسن
ئومێد بێنن
واخەریكن
وشەی شیعرم لێ بكەن
بە پاییزێكی دابڕان و
گەڵا گەڵا
نیگاكانم هەڵوەرێنن!!