شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

هەولێر.. كۆبوونەوەیەك لەبارەی پاراستنی ژینگە و ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 14/8/2024، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هه‌رێم و مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانی هه‌ولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەک ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و ژینگە و بەرپرسە پەیوەندارەكان ئامادەیبوون، پرسی فراوانكردن و ڕێكخستنەوەی ناوچە پیشەسازییەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لەپێناو پاراستنی ژینگە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

هەروەها لە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێرەوە بە داتاشۆ شیكارییەك سەبارەت بە ناوچە پیشەسازییەكان و چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر پێشكەشكرا.

بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكان و ڕەچاوكردنی لایەنی تەندروستی و جوانكاریی شار و بە مۆدێرنكردنی ئەو كەرتانە لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا جەختی لەسەر کرایەوە.

هەروەها ڕێكخستنەوە و فراوانكردنی ناوچە پیشەسازییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

دووپاتی گرتنەبەری ڕێكاری نوێ و پێویست لەرێگەی بەکارهێنانی کەرەستەکانی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر كرایەوە.