شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

هەولێر…كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بە تاقیکردنەوەى وه‌رزی دووه‌می ئه‌مساڵی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 14/8/2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەرپەرشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەیی هەولێر ئەنجامدا، سەبارەت بە پلان و ئامادەکارییەکانى به‌ڕێوه‌چوونى تاقیکردنەوەکانى وه‌رزی دووه‌می پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ئەمساڵى خوێندنى قوتابخانە حکومى و ناحکومییەکان کە بریاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 17/8/2024 دەست پێ بکات ..
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، هەوڵ و کارەکانى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەیی هەولێر و لیژنەى ئەمنى لەکاتى بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکانی وه‌رزی یه‌كه‌م به ‌بەرزی نرخاند و تاكیدی لەسه‌ر فه‌راهه‌مكردنی هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان له‌ هۆڵه‌كانی تاقیکردنەوە بۆ قوتابیان كرده‌وه‌، تاوه‌كو بتوانن له‌ كه‌شێكی ئارام كۆششه‌كانی ئه‌مساڵیان به‌دی بهێنن ….
پارێزگاری هەولێر، دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زه‌مینه‌سازی گونجاو بره‌خسێندرێ تاوه‌كو بە باشترین شێوە پڕۆسەى تاقیکردنەوەکان بەڕێوە بچێت و هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بگرنەبەر. لەکۆتایدا، پارێزگاری هەولێر،هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیان خواست .