شاهین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە:بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ هەڵەبجە هەموویان لە قۆناغی جێبەجێکردندان

تەنیا لەمساڵدا، مەسرور بارزانی، دووجار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لە نزیکەوە بەرپرسانی ئیداری هەڵەبجە و هاووڵاتیانی بینی و سەرجەم داواکارییەکانی ئەو پارێزگایەی وەرگرت و بە چند بڕیارێک وەڵامی داواکارییەکانی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجەی دایەوە.

شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو جار سەردانی بۆ هەڵەبجە، کۆمەڵێ بەڵێن و بڕیاری دا، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکوومەتی ناردبوو لەگەڵمان کۆبووەوە، کۆمەڵێ داواکارییمان خستنە ڕوو، بڕیاردرا ئەو داواکاریانەی پڕۆژەن ڕاستەوخۆ نووسراویان بۆ بکرێت.
وتیشی: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ هەڵەبجە هەموویان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، ئێستا %20ی داهاتی گومرگی مەرزەکان بۆ هەڵەبجە دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەڵەبجە دەکرێتەوە، نووسراو ئاراستەی بەغدا کراوە بۆ کردنەوەی مەرزی سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لامەرکەزیەت و دەسەڵات دراوە بە پارێزگاکان بۆ ماوەی دووساڵ دەتوانن بە تەنسیب فەرمانبەر بگوازنەوە، چەندین پڕۆژەی گرنگ وەک ڕێگا و پردی تووەقوت و سایلۆی هەڵەبجە و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان.
ئەوەشی خستەڕوو: داهاتی 20%ی مەرزەکان بۆ پڕۆژەی ناو هەڵەبجە و مەرزەکان دەبێت، بۆ نموونە، ئەگەر مەرزی پشته مانگی یەک ملیار داهاتی هەبێت بە چاکردنی ڕێگاکەی ئەوە داهاتەکەی مانگانە دەبێتە دوو هێندە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، ئەوەشی ڕاگەیاند : هەر لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت 52 فەرمانبەر بۆ دیوانی پارێزگا و قایمقامییەت و ناحیەکان دادەمەزرێن، جیاواز لەو 500 فەرمانبەرەی سەرۆکوەزیران بڕیاری لێ داوە، ئەنجوومەنی ڕاژە پاش کۆتاییهاتنی دامەزراندنی 500 فەرمانبەرەکە، فۆرمی دامەزراندن بە ئۆنلاین بۆ 52 کەسی تریش بڵاودەکاتەوە کە بڕیاری نوێی سەرۆکوەزیرانە، هەروەها گوتیشی، بڕیارە بە فەرمانی مەسرور بارزانی 114 فەرمانبەری تریش بۆ هەڵەبجە دابمەزرێت.

ھەواڵی زیاتر