نەخۆشی سایکۆس چییە و کێن ئەوانەی تووشی دەبن؟

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

نەخۆشی سایکۆس بریتییە لە کۆکراوەی چەند نیشانەیەک کە دەبنە هۆی ئەوەی کەسی تووشبوو ڕاستی و خەیاڵ تێکەڵ بکات. سایکۆس حاڵەتێکە کە کاردەکاتە سەر شێوازی شیکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن مێشکەوە. دەکرێت کەسی تووشبوو دووچاری هەلوەسەکردن ببێتەوە و هەندێک شت ببینێت و ببیستێت، هەروەها بڕوا بە هەندێک شت بکات کە لە ڕاستیدا بوونیان نییە. ئەم تێچکوونە دەروونییە نیشانەیە نەک نەخۆشی، دەکرێت هۆکارەکەی تووشبوون بێت بە نەخۆشی وەک شیزۆفرینیا و دوو جەمسەری.

د. شادان نەریمان، باس لە نەخۆشی سایکۆس دەکات و دەڵێ: دەکرێت بەهۆی نەخۆشییەکی دەروونی، برینێکی جەستەیی، نەخۆشی جەستەیی، ماددەی هۆشبەر یان زەبر و پەستانێکی دەروونی زۆرەوە کەسەکە تووشی ببێت. ئەو کەسەی ئەزموونی سایکۆس دەکات دەکرێت تووشی وەهم و خەیاڵکردنیش ببێت، واتە هەندێک بیرکردنەوەی بە مێشکدا دێت کە لە ڕاستیدا ڕوودانیان مەحاڵە. هەندێک لەو کەسانەشی تووشبووی شێت بوونن دەکرێت ئەزموونی بێهیوایی و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ بکەن. ئەزموونکردنی سایکۆس دەکرێت ترسێنەر بێت، ئەگەری هەیە ئەو کەسانەی تووشی سایکۆس دەبن ئازاری خۆیان یان دەورووبەرەکەیان بدەن.
ئەو دکتۆرە باس لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە دەکات و دەڵێ: سایکۆس لەناکاو تووشی کەسەکان نابێت، بەڵکوو بە چەند هەنگاوێک نیشانەکانی دەردەکەون، ئاساییانە نیشانەکانی بەم ڕیزبەندییە دەبن وەکوو، نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی پێش سایکۆس، سەرەتا بە گۆڕانی زنجیرەیی لە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن دەربارەی جیهان دەست پێدەکات. دەکرێت کەسی تووشبوو یان خێزانەکەی تێبینی ئەمانە بکەن وەکو، دوورکەوتنەوە لە کار و خوێندن، کێشە لە بیرکردنەوەی ڕێکوپێک و سەرنجدان، بەدگومانی یان نیگەرانی دەربارەی دەورووبەر، پشتگوێخستنی خود و ناخاوێنی، بەسەربردنی کاتی زیاتر لە تەنهاییدا، کاردانەوەی سۆزداری زیاد لە پێویست بۆ حاڵەتەکان، نەمانی هیچ هەست و سۆزێک. هەروەها نیشانە سەرەتاییەکان وەکوو، دەکرێت لە سەرەتای تووشبوون بە سایکۆسدا کەسەکە هەندێک شت ببیستێت، ببینێت یان تام بکات کە بوونی نەبێت، دەستکردن بە بوونی بیرکردنەوە و باوەڕی نائاسایی، گرنگ نییە بە لایەوە کەسانی تر چۆن بیردەکەنەوە، دوورکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێکانی، وەستان لە ئاگاداربوون و گرنگیدانی خود، نەمانی توانا لە بیرکردنەوەی ڕێکوپەک و سەرنجدان،
دەشڵێت: نیشانەکانی قۆناغی سایکۆس لەماوەی سایکۆسدا کەسەکە ئەزموونی ئەم نیشانانە دەکات وەکوو هەلوەسە، هەلوەسەکردنی بیستن، بیستنی هەندێک دەنگ لە کاتێکدا کەس لە چواردەوری نییە، هەلوەسەکردنی هەستپێکراو، بوونی هەست و سۆزی نامۆ، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت ڕوونیان بکاتەوە. هەلوەسەکردنی بینین، کەسەکە خەڵک و شتانێک دەبینێت کە بوونیان نییە، یان وادەزانێت شێوەی شتەکانی چواردەوری نائاساییە. وەهم، بڕوای وایە کە لەگەڵ کلتوور و بیروباوەڕێی دەوروبەریدا ناکۆکە و هیچ نرخێکی نییە لەلای دەورووبەرەکەی، وەکوو، هێزی دەورووبەر لەژێر کۆنترۆڵی هەست و جووڵەکانیدایە، کۆبوونەوە و بیروڕای بچووک واتای گەورەیان هەیە، وادەزانێت کە هێزێکی تایبەتی هەیە و پێویستە کارێکی گەورە بکات، یان وابیردەکاتەوە ئەو توانای خودایی هەبێت، هەندێک جاریش خۆی لێ دەبێت بە خودا.
د. شادان نەریمان، باس لە هۆکارەکانی ئەو نەخۆشییە دەکات و دەڵێ: پزیشکان بەتەواوی هۆکاری سەرەکیی توشبوون بە سایکۆسیان دیاری نەکردووە، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن، وەکوو، بۆماوەیی، ئەگەر کەسێک لە مێژووی خێزانەکەیدا تووشبووی سایکۆس تێدابێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی زیاترە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە بەدڵنیایی تووشی دەبێت. دەرمان، ئەو دەرمانانەی کە فشار دەخەنە سەر کۆئەندامی دەمار وەک ماریوانا، ئەو دەرمانانەشی کە هانی کۆئەندامی دەمار دەدەن وەک کۆکایین و ئەمفێتامینەکان، دەتوانن بەشێوەیەکی خراپ کار لە چالاکی مێشک بکەن، ئەمەش وا لە بەکارهێنەر دەکات کە ئەو ڕاستییانەی ئەو قبوڵییەتی لەگەڵ یاسای جیهانیدا یەک نەگرنەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک کەسەکە دەوەستێت لە بەکارهێنانی دەرمانەکان بیرکردنەوەکانیشی نامێنێت. بەڵام پەیوەستییەکی بەهێز هەیە لەنێوان ئەم دەرمانانە و سایکۆس سەرەتاییدا. توێژینەوەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە هۆکاری تووشبوون بە سایکۆس بەهۆی ئەم دەرمانانەوە کەمترە، بە بەراورد بە نەخۆشییە دەروونییە باوەکانی وەک شیزۆفرینیا یان هۆکاری بۆماوەیی. دەکرێت هەندێک جۆری دەرمانیش کە بۆ چارەسەری نەخۆشیی دەروونی بەکاردێت ببنە هۆی دروستبوونی کێشە لە مێشکدا، بەڵام ئەم حاڵەتە تا ڕادەیەک دەگمەنە. زەبری دەروونی، مردنی کەسێکی خۆشەویست، دەستدرێژی سێکسی یان جەنگ دەبنە هۆی تووشبوون بە سایکۆس. جۆری زەبرە دەروونییەکە و ئەو تەمەنەی کە تیایدا کەسێک ڕووبەرووی ئەم زەبرە دەبێتەوە ڕۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە سایکۆسدا. برین و نەخۆشی، برینی مێشک، گرێی مێشک، جەڵتە، نەخۆشی پارکینسن، نەخۆشی ئەلزەهایمەر، خەڵەفان و ئایدز دەکرێت ببنە هۆشی شێتبوون.
ئەو دکتۆرە باس لە جۆرەکانی سایکۆس دەکات و دەڵێ: هەندێک جۆری سایکۆس بەهۆی حاڵەت یان پێشهاتێکی تایبەتەوە تووشی کەسەکان دەبێت. نەخۆشیی سایکۆسی کورتخایەن، هەندێک جار پێی دەگوترێت سایکۆسی چالاکی کورتخایەن، کە دەکرێت لەماوەی پەستانێکی کەسیی توندی دەروونی وەک مردنی ئەندامێکی خێزان تووشی کەسەکە ببێت. زۆرجار ئەزموونکردنی ئەم سایکۆسیە بە پشت بەستن سەرچاوەی فشارە دەروونییەکە، بەشێوەیەکی گشتی ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. سایکۆس بەهۆی دەرمان یان کحولەوە، سایکۆس هەندێک کات دەکرێت بە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددەی هۆشبەری وەک کریستاڵەوە هان بدرێت. هەندێک جۆری دەرمانی پزیشکیی وەک ستیرۆیدەکان و هاندەرەکان دەکرێت ببنەهۆی تووشبوون بە سایکۆس. ئەو کەسانەی کە ئالوودەبووی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددەی هۆشبەرن، دەکرێت کاتێک لەناکاو واز لە خواردنەوە یان بەکارهێنانیان دەهێنن، ئەزموونی نیشانەکانی سایکۆس بکەن.

ھەواڵی زیاتر