شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

حیكمەت و ڕقهەڵگرتن

هاودەنگ فارووق

لە كوردستان سەرجەم بیروباوەڕەكان پیرۆزن و، گەلی كوردی موسڵمان توانیویەتی ئەوانیتر لەهەناوی خۆیدا كۆبكاتەوەو، میهرەبانی و سەماحەتی ئایینی ئیسلام بكاتە چەترێك بۆ ئەوەی ئەوانیدیكەیش لەسایەیدا بحەسێنەوە. نەك بەپێچەوانەوە بەدوای هەڵەی ئەوانیتردا بگەڕێت و، هەڵەكانیان زەق بكاتەوە.
ئەم تێگەیشتنەیشی لەناو یاساكانیدا جێكردتەوەو، هەم كۆمەڵگە و هەم دەستەڵاتە یاساییەكانیشی، مكووڕن لەسەر پاراستنی ئەو هاوكێشەیە و ئامانجی پێكەوەژیان ولێبوردەیی. بێگومان ئەو لێبوردەییەش هیچ لە گەورەیی و پیرۆزی ئایینی ئیسلام كەمناكاتەوە، بەڵكوو شكۆی پێدەبەخشێت و دەیسەلمێنێت كە موسڵمانی كورد دەتوانێت كێشەی جیاوازیی بیروباوەڕ و لێكەوتەكانی بگۆڕێت بەدەرفەتی زێڕینی پێكەوەژیان.
هەڵچوون و لێدوانێكی هیچ كەسایەتییەك لەپێڕەوانی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەكان، ناكرێتە ماڵ لەسەر هەموو شوێنكەوتووانی ئەو ئایینە. لەوەشدا كورد پەندێكی زێڕینی هەیە و دەڵێت: كەس ناچێتە قەبری كەس، یا مەڕ بەقاچی خۆی، بزن بەقاچی خۆی!
ئاخر ناكرێت ئۆباڵی ڕەفتار و گوفتاری كەسێك، كەسانێكی دی هەڵی بگرن. ئەو پەندە كوردییە، هەم تێگەیشتنێكی قووڵە لە مانای بەرپرسیارێتی و هەم ڕۆحی یاسا و شەرعیشە.
هاندانی خەڵك دژی كوردانی ئێزدی لەپای لێدوانێك، ئەگەرچی هەڵەو ناتەواویش بێت و مایەی ئیدانەكردن بێت، هەڵەیەكی گەورەیە و ئەو ناوبانگە جوان و پڕشكۆیەی ئیسلامی كوردی دەشێوێنێت و، ئایندەی پێكەوەژیان لەم هەرێمەدا دەخاتە مەترسییەوە. ئێزیدییەكان بەشێكی دانەبڕاون لە جەستەی نەتەوەی كوردولەسەر دەستی داعش بە بیانوی كوردبوون و ئایینەكەیان غەدرێكی زۆریان لێكراو بەهەزاران قوربانیاندا
زانایانی ئایینی و خەڵكی موسڵمانی كورد، پێشتر و ئێستا و لەمەودواش، پێویستە حیكمەت زاڵ بكەن بەسەر عاتیفەدا و، ئەگەرچی دڵیشیان بەهەندێ گوفتار و كردار بریندارببێت، بەڵام لەوە دڵنیابن ناوبانگی ئایینەكەیان گرنگترە لەوەی ئەوان شوێن عاتیفە و وتاری پڕ ڕق و كینە بكەون.