جبووریی: دزیی لە دەنگی دەنگدەران کرا و هەڵبژاردنی پارێزگاریش لە سێ ڕووەوە نایاساییە

بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، لە سێ ڕووەوە نایاساییە، بۆیە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن. دەشڵێت، شەوی ڕابردوو لە بەغدا، دزیی لە دەنگی دەنگدەران کرا و مافەکانیان پێشێل کران. 

هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

شەوی ڕابردوو، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە “نایاسایی” ناویان برد.

جبووری: هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن نایاساییە

یەکشەممە، 11-08-2024، ڕاکان سەعید جبووری، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی بەغدا ڕاگەیاند.

بە گوتەی جبووری، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی فراکسیۆنی یەکێتی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، کە تێیدا پارێزگار و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەڵبژێردراون، لە سێ ڕووییەوە نایاساییە.

بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە دەکات تا ئەو کاتەی حکوومەتی خۆجێیی پێک دەهێندرێت. ڕاکان سعید جبووری، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە و مانگی ڕابردوو سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکەی کرد. بە گوێرەی یاسا، کات و شوێنی هەر کۆبوونەوەکەیەکی دیکەش لەلایەن ئەوەوە دیاری دەکرێت.

وەکو ئەوەی جبووری باسی کرد، دەبووایە ئەو، وەکوو بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، خۆی شوێن و کاتی کۆبوونەوەکەی دیاری کردبایە؛ کەچی یەکێتی و ئەندامەکانی دیکە، لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی بەغدا، ئەو و هیچ لایەنێکیان ئاگادار نەکردووەتەوە و پرسیشیان پێ نەکراوە. بۆیە وەکوو خۆی دەڵێت: هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن لە کۆبوونەوەکەدا نایاساییە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین.

سەرپێچییەکی دیکەی یاسایایی، بە گوتەی جبووری “ئەوەیە زۆرێک لە پۆستەکانی کەرکووک بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەمەش نایاساییە، چونکە پێویستە لە کاتی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەرانی هەموو پۆستە کارگێڕییەکان دیاری بکرێن”.

لەبارەی پێشێلکاریی سێیەمی یاسایی لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ڕوونی کردەوە “بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پێویستە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بە سازان و ڕێککەوتنی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بێت و نابێت مافی هیچ لایەک پشتگوێ بخرێت؛ کەچی مافی پێکهاتەکان پشتگوێ خراوە و ستەمیان لێ کراوە، ئەمەش نایاساییە”.

ئەو پۆستانەی لە کۆبوونەوەکەی بەغدا بە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دراون 
پۆستەکانی نەتەوەی تورکمانپۆستەکانی نەتەوەی عەرەب
 1- جێگری پارێزگار 2- یاریدەدەری پارێزگار 3- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 4- دوو ڕاوێژکاری پارێزگار 5- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگار 6- یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک 7- بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک 8- بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک  9- بەڕێوەبەری رێگەوبانی کەرکووک 10- بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک 11- یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی کەرکووک 12- یاریدەدەری شارەوانییەکانی کەرکووک 13- قایمقامی ناوەندیی کەرکووک 14- بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی 15- بەڕێوەبەری ناحیەی تازە 16- بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان 17- سکرتێری لیژنەی ئەمنی 18- بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک  1- فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک 2-  دوو یاریدەدەری پارێزگار 3- دوو ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا 4- بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی کەرکووک 5- قایمقامی قەزای داقووق 6- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک 7- بەڕێوەبەری ناحیەی ریاز 8- بەڕێوەبەری ناحیەی رەشاد 9- بەڕێوەبەری ناحیەی عەباسی 10- بەڕێوەبەری ناحیەی زاب 11- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی کارەبا 12- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی داد 13- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی بازرگانی 14- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی نیشتەجێکردن 15- بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 16- بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف 17- بەڕێوەبەرایەتی ژینگە-ناوچەی باکوور 18- بەڕێوەبەری چاودێری دارایی و وردبینی لە دیوانی پارێزگای کەرکووک 19- بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانی

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان

لەبارەی بەشداریی ژمارەیەک ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، جبووری ڕایگەیاند “بەداخەوە کەمتر لە کاتژمێرێک دوای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکەمان کە بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەین، ژمارەیەک ئەندامی هاوپەیمانییەکەمان لە قسەکانیان پاشگەز بوونەوە و بڕیاریان دا بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن، بۆ ئەوەی هەندێک قازانجی تاکەکەسی بە دەست بهێنن”.  

جبووری بەشداریی ژمارەیەک ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کۆبوونەوەکەی بەغدا بە “ناپاکی” ناو دەبات و گوتی: ئەوەی شەوی ڕابردوودا ڕووی دا، پێشێلکردنی مافی دەنگدەران، دزینی دەنگەکانیان و جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنەنانەیە کە بە دەنگدەران دراون.

بەرەی تورکمانی: دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانە

حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەوەی شەوی ڕابردوو لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کراوە پێشێلکردنی یاساکانە. تێبینی یەکەممان لە سەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکە لە دەرەوەی پێکهاتەی هاوپەیمانیی پارێزگای کەرکووکە کە سەرۆکوەزیران سوودانی پێکی هێناوە. ئێمەش هەر لە سەرەتاوە پشتیوان بووین لە سەرخستنی پرۆژەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەو ئیدارەیەی پێک هێنراوە، ئێمە بە پێشێلکردنێکی سیاسیی دەزانین”.

حەسەن تۆران ڕاشیگەیاند “کۆبوونەوەکە پێچەوانەی بڕگەی 13 لە ماددەی چوارەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە کە تێیدا هاتووە ‘دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بێت بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی پێکهاتەکانی پارێزگا بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن'”.

سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش دا “لەگەڵ ئەوەی دانیشتنەکەی هۆتێل ڕەشید بەبێ ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە بەغدا و بەبێ ئامادەبوونی پێکهاتەی تورکمان بەڕێوە چووە، ئەمەش پێشێلکردنی دەقی ئەو کۆنووسەیە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 11/7/ 2024 ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پاند بن و پێش دانیشتنی دووەمی ئەنجوومەن ڕێکبکەون”. 

ھەواڵی زیاتر