مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: دەستێکی دەرەکی لە پشت مانەوەی هێزە نایاساییەکانی شنگال هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە کۆی پەنجا ھەزار خێزانی شنگال تەنیا بیست خێزان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەرەبوو کراونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە بەردەوام قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دەستێکی دەرەکی لە پشت قەرەبوو نەکردنەوەی خەڵکی شنگال ھەیە.

ئاوارەکانی شنگال زیاتر لە دە ساڵە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن و ئیدارەی قەزای شنگالیش حکوومەتی بەغدا بە کەمتەرخەم لە ئاست قەیرانی ئاوارەکان بە گشتیی و ئاوارەکانی شنگال بە تایبەتی دەزانێت.
بەرپرسانی شنگالیش ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، زیاتر لە شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شارەکەی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
خەڵکی شنگال، دەڵێن، حکوومەتی عێراق بەردەوام دژایەتی ئێمە دەکات، بۆیە تا ئێستا ئێمەی قەرەبوو نەکردووتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی عێراق ڕێگرە لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە و گرووپە چەکدارەکان لە شارەکە نەبان، لە ژیانی ژێر خێمە ڕزگار دەبووین و دەگەڕاینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و شارەکەمان ئاوەدان دەکردەوە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: ھۆکاری قەرەبوو نەکردنەوەی خەڵکی شنگال بۆ ئەوەیە تاکو خەڵک نەگەڕێتەوە و گرووپە چەکدارەکان بە کەیفی خۆیان بە شارەکەدا بسووڕێنەوە، ئەوەش بە بەرنامە دەکرێت و دەستی گرووپە چەکدارەکان و دەرەکی لە پشتە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بەپێی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە دەبوایە تا ئێستا ھەموو خەڵکی شنگال گەڕابانەوە و قەرەبوو کرابانەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یەک خاڵ لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.

ھەواڵی زیاتر