زەنگێكی مەترسیدار!

‎هاودەنگ فارووق

گەلی كوردستان بەوە ناسراوە، كە خەسڵەتی پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن و، قووڵكردنەوەی گیانی هاوكاریی بەردەوام بەشێك بووە لەمێژوو و پێكهاتەی نەریت و عورفی كۆمەڵایەتی. بۆیە یەكتر قبووڵكردن و لێبوردەیی ئەم میللەتە بەشێكی سروشتییە لە نەریتی خۆی و، ئەمە مەسەلەیەك نییە بەناچاری، یان لەپێناوی ئامانجێك پڕوپاگەندەی بۆ بكرێت.
نەتەوەی كورد لەدێڕزەمانەوە، سروشتی زگماكی خۆی هەر واهاتووە، تەنانەت سەرسەختترین دوژمنەكانی خۆیشی بەخشیوەو، هەرگیز بۆ دەرفەتێك نەگەڕاوە تۆڵە لەویتر بكاتەوە، یان جیاوازیی ئایینی و كۆمەڵایەتی بكاتە ناكۆكی و یەكتر قبووڵنەكردن.
لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە، چەندین خانەوادەی مەسیحی و ئەرمەنی و كاكەیی و جووەكان ژیاون، بەجۆرێك تێكەڵیی لەنێوان موسوڵمانەكان و ئەو كەمایەتییە ئاینییانە دروستبووە، بەچاوی ئاسایی هیچ هەستێك بە جیاوازیی بیروباوەڕیان نەكراوەو، بەهەموو شێوازێك بەشداربوون لەبۆنە كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینییەكانیش.
پەرستگە و مزگەوت و كڵێساكان، بەردەوام داینەمۆی ئارامی و ئاسایش بوون و، هەرگیز وتاری توندوتیژو ڕەتكردنەوەی ئەوی دیكەیان نەداوە بەگوێی خەڵكیدا. هەمووان پێكەوە بەئارامی ژیاون.
ئەمە بنەما ڕاستەقینەكەیە و خەسڵەتی زگماكی كۆمەڵگەی كوردییە، ئەوە نییە بابەتێكی تازە بێت، یان بەئامانجی سیاسی دروستكرابێت و بانگەشەی بۆ بكرێت. بەڵكوو بەدرێژایی مێژوو كۆمەڵگەی كوردستان فرەڕەنگ و فرەدەنگ و فرەكولتوور بووەو، ئەوەش هۆكاری مانەوەیەتی بەبەهێزی لەبەردەم هەموو گەردەلوولەكانی ناحەزاندا. سەرجەم پێكهاتەكان پێكەوە بەرەنگاری مەترسییەكان بوونەتەوە. وەك ئەوەی لەسەردەمی هەڕەشەكانی داعش بینیمان و، سەرجەم گەلی كوردستان وەك یەك خێزان قۆڵیان لێهەڵماڵی و، بەرگرییان لەشكۆ و كەرامەتی كوردستان كرد.
لەئێستادا، كە بەهۆی هەندێ قسەی كەسایەتییەكی كوردی ئێزدییەوە، خواستێك هەیە بۆ گەورەكردن، ئەگەرچی لەبنەڕەتدا بەمەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ و گەرمكردنی بازاڕی هەڵبژاردنە، بەڵام ناكرێ ئێمە وەكو زەنگێكی مەترسیدار وەرینەگرین. دەبێ ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە كە هۆكارن بۆ تێكدانی ئارامی وپێكەوەژیان لە كوردستاندا.

ھەواڵی زیاتر