سەبارەت بە هەڵمەتی دژی ئێزدییەکان

عارف ڕوشدی

بەدڵنیاییەوە کارێکی نەشیاوە بێرێزی بەرامبەر بە هەر بیروباوەڕێکی ( ئاینی) بکرێت ، ئەوەی ڕوویداوە نابێت بکرێتە پاساو بۆ هێرشکردن بۆ سەر بەشێکی ڕەسەنی کۆمەلگەی کوردەواریمان مەبەستم ( ئێزدییەکانە)، ئەم هەڵمەتە لە لایەن کەسانی سەر بە ئاراستەی ئیسلامی سیاسییەوە برەو پێدەدەرێت ، لە کاتێکدا ئەو گروپانە لە هیچ کاتێکدا هەڵوێستی نیشتیمانییان نەبووە بەرامبەر بە ستەمکارییەکانی داگیرکەران دژی خەڵکی کوردستا، بەڵکو پاساو دێنن بۆ ئەو نادادپەروەرییەی بەغدا دەیکات بەرامبەر شایەستە داراییەکانی موچەخۆرانی کوردستان و هەستیان مراندووە لە ئاستی بەردەوامی پرۆسەی تەعریبکردنی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی سنوری هەرێمی کوردستان. هەموو لایەکیش ئاگادارن چەند ڕوژێکە لە چەندین لاوە هەوڵ و ڕونکردنەوە دەدرێن و بێ مەبەستی ئەو دەربڕینانە دەخرێنە ڕوو، هیوادارین، دەرفەت نەدرێت بەو لایەنانەی دەیانەوێ ئەو (دەربڕینە لەنگە) بقۆزنەوە و توی دووبەرەکییەکی قێزەوەن لە نێو پێکهاتە ئاینییەکانی کۆمەڵگاکەماندا بروێنن.
لەقورئانی پیروزیشدا هاتووە ؛
ادع إلى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتي هي أحسن إن ربك هو أعلم بمن ضل عن سبيله وهو أعلم بالمهتدين