چاکی مەکە با خراپ نەبێ

شێرکۆ حەبیب

نازانم ئەوە پەندی پێشینانە یا هەر وتەکی کوردەوارییە، بەهەر حاڵ کامیان بێت وەڵامدانەوەیەکی پر بە پێستیەتی بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ بەناو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دەیکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان، هەیە دەڵێ “من بادینی نیم تا بترسم”!! لە ڕاستی تەنیا لەناو ئەدەبیات و پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونێک نییە کە جیاوازی بکات لە نێو کوردستانیان بەهۆی ئاین و ناوچەگەری، ئەگەر کەسێکیش بیرو بۆچوونی ناشازی هەبێت و پارتیش بێت، بەڵام ئەوە ڕای خۆیەتی کەس پشتگیری ناکات.

ئەوەی جێگای سەرسوورمانە بۆ لە ناوچەی بادینان دەست پێ دەکەن ! دەڵێن ڕزگاری دەکەین و ئازادی ڕادەربڕین دەچەسپێنین.
ئەگەر بادینان ئازاد و ئارام نەبووایە و ئازادی ڕادەربڕین تێیدا بەرقەرار نەبووایە باوەڕ بکەن نەتان دەتوانی وا بە ئازادی ئەم بۆ چوون و ڕایانە دەربڕن بەڵکو تەنانەت نەتان دەتوانی وا بەئازادی لەم کۆڵان بۆ ئەو کۆڵان هاتوچۆ بکەن.
بادینان لە کێ ئازاد دەکەن ؟ بادینان ئازاد و سەرفرازە بە هۆی قارمانیەتی و خوێنی هەزاران شەهیدەوە و بادینان ئازادە بە رێبازی پیرۆزی مستەفا بارزانیی نەمر، ئازادە بە پشتگیری و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، ئەگەر مەبەستتان لەشکرکێشی سوپای بیانییە، بۆ هەوڵ نادەن هۆکاری ئەو لەشکرکێشەیە نەهێڵن کە دەڵێن کوردستان داگیر کراوە کە هۆکارەکەی گروپێکی چەکدارە کە ئەو ناوچانە شوێنی ئەوان نین، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم وەک میوان ڕێزی لێگرتن بەڵام بەداخەوە دوور بوون لە هەموو داب و نەریەتی ڕێز گرتن لە خاوەن ماڵ و میوانداری، داوا لەوانە بکەن کوردستان جێهێڵن ئەو کات وەرن بڵێن بادینان ڕزگار دەکەین، ناوچەکانی دیکەی کوردستان ڕزگار بکەن کە لە ئاکامی خیانەتکاری دەستی بەسەردا گیرا و پێویستی بە ڕزگارکردن هەیە.
خەڵکی بادینان هەردەم بەهێز و دڵسۆزی بەرگریان لە خاک و وڵات و میللەت کردووە سەدان داستانی بێ وێنەیان تۆمار کردووە، دژ بە دوژمنان، میللەتێکی غورت و جەنگاوەرن.
جێگای داخە ئەمڕۆ کەسانێک بەناو بوونە بە سەرۆک حزبی سیاسی و نەک هەر ئەلف و بێی سیاسەت نازانن بەڵکو مێژووی میللەتەکەیان نازانن، نازانن سەدان داستان و قارەمانیەتی لەو دەڤەرە ئەنجام دراوە هەزاران لاو بوونەتە قوربانی دەستی ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی عێراق، سەدان پێشمەرگەی ئەو دەڤەرە لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان گیانی خۆیان کردە قوربانی کوردستان و شەهید بوون.
ئەوەی پێویستە ڕزگار بکرێت و تەبایی و ئازادی ڕادەربڕینی لێ بچەسپێت ئەو شوێنانەیە کە بە ڕۆژی ڕووناک خەڵکی هەژار و بێ تاوان تیرۆر دەکەن، ئەو شوێنانە دەبێ ئازاد بکرێت کە بۆتە پێگە و داڵدەی دوژمنانی میللەتەکەمان، ئەمانەش بەکردار دەکرێت نەک بە وشەی بریقەدار، بۆیە چاکی مەکە با خراپ نەبێ.

ھەواڵی زیاتر