پزیشکیان پێشنیازی کردووە لەبری ئیسرائیل هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دەورووبەری ئێران

ڕۆژنامەی تەلەگرافی لەندەنی لە زاری کەسانی نزیک لە مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران ئاشکرای کردووە، سوپای پاسداران فشارەکانیان لەسەر پزیشکیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرشی سەر ئەلئەڤیڤ بکەن، بەڵام پزیشکیان پێشنیازی کردووە لە بری هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، هێرشەکان بکرێنە بنکەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی دەورووبەر.

ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاوی کردووەتەوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران داوای لە سوپای پاسداران کردووە لە بری ئیسرائیل، باشتر وایە هێرش بکرێتە ناوەندەکانی سەر بە ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی تەواو بکرێت،  بەڵام بەو مەرجەی پێش هێرشەکان وڵاتەکان ئاگادار بکرێنەوە.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە بارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و تۆڵەسەندنەوەی ئەو هێرشەی لە ناوجەرگەی تاران کە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی تێدا کوژرا، ناکۆکییەکی توند لە نێوان سەرۆککۆماری نوێی ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران هەیە؛ هەرچی فەرماندەکانی پاسدارانن نیازی هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل هەیە، بەڵام پزیشکیان پێشنیازی کردووە لە بری هێرشی ڕاستەوخۆ و لە پێناو دروست نەبوونی جەنگێکی تەواو، باشتر وایە بنکە و بەرەگاکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ بکرێنە ئامانج.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران بە تەلەگراف گوتووە: پزیکشیان، لە هەر جۆرە هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل نیگەرانە، هەروەها بڕوای وایە ئێران بەختێکی باشی هەبووە 13 نیسانی ئەمساڵ لە دوای هێرشە ڕاستەوخۆکانی سەر ئیسرائیل تووشی جەنگێکی ڕاستەخۆ نەبووە لەگەڵ ئیسرائیل، هەربۆیە هیچ گەرەنتییەک نییە هەمان بەختە دووبارە ببێتەوە.

ناکۆکییەکانی سوپای پاسداران و سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە کاتێکدایە کە تەنیا 10 ڕۆژ بە سەر دەستبەکاربوونی سەر پزیشکیان تێدەپەڕێت کە لە هەردوو گەڕی چواردەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی شکست بە کاندیدەکەی نەریتخوازەکان بێنێت کە سوپای پاسداران تێیدا زۆرینەن.

هەر بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دۆخی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران پێداگریی بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردنی سەرۆککۆماری نوێ دەدەن، هەرچەند دوا بڕیاری چۆنێتی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانەوە دەردەچێت.

تاوەکوو ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران دووجار ماڵی گەورە بازرگانانی هەرێمی کوردستانی مووشەکباران کردووە بە پاساوی بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیل، یەکەم هێرشی مووشەکی شەوی 13 ئاداری 2022، ئێران بۆ سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی لە هەولێر بوو کە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

دووەم هێرشی مووشەکیش شەوی دووشەممە،15ی کانوونی دووەمی 2024 بوو، ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی کە بەهۆیەوە خۆیی و کچە یەکساڵانەیی و بازرگانێکی کریستیان و کارگوزارێکی فلپینی کوژران، بەڵام لە هەردوو هێرشەکەدا لێژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی مووشەکبارانکراون خانووی هاووڵاتییەکی ئاسایین و ئەو پاساو و دەنگۆیانەشی بە درۆخستووە گوایە بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی بن.

ھەواڵی زیاتر