عێراق.. شەش بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی گشت بەڵگە تایبەتەکان، دادگەی تاوانەکانی عێراق سزای لە سێدارەدانی بەسەر شەش کەسی دیکەدا سەپاند، کە تۆمەتباربوون بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

بە مەبەستی بازرگانیكردن و بڵاوەپێكردنی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق، ئەم تاوانبارانە تۆڕێكی نێودەوڵەتیان دروستكردبوو، سەرەتای ئەم مانگەش دادگەی تاوانەكان، سزای لە سێدارەدانی بەسەر 13 کەس و سزای بەندکردنی تاهەتایی بەسەر 17 کەسی دیکەدا سەپاندبوو، کە تۆمەتباربوون بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەکان.

بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە عێراق پەرەی سەندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی تاوانەكان و توندوتیژی کۆمەڵایەتیش بەرزبووەتەوە، بۆیە ماوەی چەند مانگێکە دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوانیان لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق دەست پێ كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەماوەی حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵ دەست بەسەر تۆنێک و 850 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و حەوت هەزار و 705 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون، كە هەزار و 435 کەسیان بازرگان بوون.

هەروەها لەو ماوەیەدا سزای لەسێدارەدان بۆ 91 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەرچووە، وە 136 تۆمەتباری دیکەش سزای زیندانیکردنی تاهەتاییان بۆ دەرچووە. ھەروەھا 20 تۆڕى نێودەوڵەتى و 204 تۆڕى نێوخۆیی بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە و 25 بازرگانی ماددەی هۆشبەریش لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون و بریندار بوون، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، دەست بەسەر چوار تۆن ماددەی هۆشبەریشدا گیراوە.

ھەواڵی زیاتر