عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:حکوومەتی عێراق خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدزێتەوە

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” ھەولێر” دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان. دەشڵێ: ئەوەی پێمان کراوە بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کردووانە لە جیاتی پارچە زەوی یەکەی نیشتەجێ بوونیان دەدرێتێ و گەڕان بەدوای ڕووفاتی ئەنفالکراوانیش بەردەوامە.

یادکردنەوەی کارەساتی ئەنفال
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: وەکو وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ساڵانە یادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان و یادەکانی دیکە بەرز ڕادەگرین، مافی خۆیانە ئەو کارەساتانە بە زیندوویی لە مێژوویی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بۆ نەوەکانی داھاتوو بە زیندووی بمێنەوە، چونکە بنیاتنانی حوکمی خۆماڵی کوردی بەری ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی قوربانییانی خەڵکی کوردستانە، ئەو دەستەڵاتەی ئێستا ھەمانە بەری ڕەنجی ماندووبوون و خەبات و تێکۆشان و ماڵوێرانی خەڵکی کوردستانە.
حکوومەتی عێراق ناچێتە ژێر هیچ بارێک
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، دەڵێ: وەکو وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان یەکێک لە پلانەکانی وەزارەت بەدواداچوون و گەڕان و ھێنانەوەی ڕووفاتی قوربانیانی جینۆسایدکراوانی خەڵکی کوردستانە، ئەوەش بەپێی ئەو بەڵگە و ڕێکارانەی کە ھەن وەزارەت بەردەوامە، خەڵکی کوردستان زۆر جینۆساید کران، لەوانە ھەڵەبجەیەکان، گەرمیان، بالیسان، گوپتەپە، سۆران، بادینان و بارزانییەکان، بۆ ئەوەش کارمان کردووە لەلایەکی دیکەوە ئەوەی گرنگە وەکو لایەنێکی مەعنەوی، ھەمیش بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە یان جارێکی دیکە جینۆساید نەکردنەوەی خەڵکی کوردستان، پێویستە حکوومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردون لە خەڵکی کوردستان بکات، بەداخەوە ھەتا ئێستا نەی کردووە، بەشێکی دیکە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی بابەتی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان بە فەرمی یەکلابووەتەوە، ھەم لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری بۆ دەرچووە، ھەم لەلایەن دادگەوە یەکلاکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەچووتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان.
هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، زیاتر دەڵێ: جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان تەنیا لایەنێک لێی بەرپرس نییە، قەرەبووکردنەوە تەنیا پابەند نییە بە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بەڵکو پابەندە بەکۆی موئەسساتی فەرمی خەڵکی کوردستان، لە عێراق کۆمەڵێک مۆئەسسەی فەرمیمان ھەیە، سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزیر، دەیان فراکسیۆن و پەرلەمانتار لە عێراق ھەن، پێویستە کۆدەنگییەک ھەبێت کە عێراق پابەند بکرێت و بچێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان تا ئێستا خۆیان دەدزنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ھەفتەی ڕابردوو بە فەرمی نووسراوێکم ئاراستەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کردووە و پێمان گوتووە وریا بن، چونکە عێراق دەیەوێت بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ خۆ لەو یاسایەی کە ھەیە بدزێتەوە، پڕۆژەمان ھەیە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بەڕێوەبەرایەتییەکیش ھەیە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، یەکەی نیشتەجێ بوون و خوێندنی لە خۆ گرتووە، زەوی و یەکەی نیشتەجێ بوون دەدرێتە زیندانیانی سیاسی، تاقانەکانی ئەنفال و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی.
گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتەکان
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، جەختی لەوەشکردەوە، بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر خەتین بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ھێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بەو وەزارەتە داوە بۆ ئەوەی خزمەتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بکات، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ئەوەی پێمان کراوە بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کراوە.
یاسای چاکسازی
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕوونیشیکردەوە، کاتی خۆی کۆمەڵێک کێشە و گرفت ھەبوون، یاسای چاکسازی ئەو کێشانەی نەھێشت، ھەنگاوی باش نراوە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیە و فایلەکان و مووچەی کەسیش نەبڕاوە، بۆ نموونە کەسێک خانەنشین بووە دەبێت مووچەی خانەنشینی وەربگرێت، کەچی بەشێوەیەک لە شێوەکان کراوە بە شەھید بەپێی یاسای چاکسازی نانبڕاو نەکراوە، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی پەیوەندیدار، یاسای چاکسازی ڕۆلێکی گەورەی ھەبووە بۆ دادپەروەری لەناو وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، پڕۆژەیەکی تازە ھەیە لە بڕی زەوی یەکەی نیشتەجێ بوون دەدرێتە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە دھۆکیش بینیمان قۆناغێک جێبەجێ کرا لە داھاتووشدا ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر