بارودۆخی زیندانەکانی عێراق زیندانییەکانی تەواو شەکەت و هەراسانکردووە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

زیندانەکانی عێراق کە بوونەتە شوێنی ژیانی چەندان بەندکراو و هاووڵاتی عێراقی، ئێستاکە بەدەست کەمتەرخەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و بەهۆی زۆری ژمارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکاندا چەندین نەخۆشی تێدا بڵاو بووەتەوه و بە شێوەیەکی گشتی، زیندانەکانی عێراق، کە بە دەزگا حكوومییەکان و بەرپرسانی مافی مرۆڤ سپێردراوە، بەدەست پشتگوێخستنێکی گەورە و نەبوونی چاودێریەوە دەناڵێنن. لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە زیندانەکان لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی کۆنترۆڵکراوە و دەستبەسەر بەسەر زیندانەکاندا گیراوە.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ڕایگەیاند، قەرەباڵغی و جەنجاڵیی لە زیندانەکانی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەدا ٣٠٠. ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر بارودۆخی زیندانییەکان دروستکردووە و بووەتە پرسی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئاماژە بەوە دەکەن کە هەزاران کەس بەهۆی پرسی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانەکانی عێراقدان و لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی گوماناویدان. هۆکاری ئەو جەنجاڵییە زۆرەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەسانێکی زۆر فڕێدراونەتە ناو زیندانەکان بەبێ لێپێچینەوە تەنانەت، سەرۆکی سەنتەری یەرمووک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی باسی له‌وه‌ كرد، كه‌سانێك له‌ زیندانه‌كاندا هەن کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەوکاتەی ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی سه‌ربازی دژی عێراق كرد لە زیندانەکانن و لەکاتی پرۆسەکەدا بە تۆمەتی هەڵبەستراو و بێبنەما دەستگیرکراون و تا ئێستاش ئازاد نەکراون کە زۆرینه‌یشیان سووننه‌ن.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە ئاگاداری بارودۆخی زیندانەکانن ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرینەی زیندانەکان بوونەتە ژینگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تاوانباران و دروستکردنی باند کە بەزۆری زیندانیانی دەورووبەری خۆیان لە کارە قێزەونەکانیان تێوەدەگلێنن بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەستێوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە.
مەسال ئالوسی چاودێری سیاسیی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێشێلکارییەکان لە ناو زیندانییەکانی عێراقدا دەڵێت “لە ناو زیندانەکانی عێراقدا مافیای گەورە هەن، کە مامەڵە بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن و باند درووستکەن و زیندانییەکانی دیکە بە زۆر تێکەڵاوی کارەکانیان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن.”
بەپێی زانیارییەکان لەناو زیندانییەکانی عێراقدا حاڵەتی مردن بەهۆی ئازاردانی زیندانیان بە لێدان و لەکارەبادان بۆ وەرگرتنی زانیاری و دانپێدانان هەیە و پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە ١ـی تەمموزی ٢٠١٩ تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢١ کەوا نیوەی ئەو زیندانیانەی لە زیندانەکانی عێراقدان باسیان لەوە کردووە کە بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری ئەشکەنجە دراون.
جێگەی ئاماژەیە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانیان بریتین لە لێدانی تووند و تەزووی کارەبا.
دۆسیه‌ی زیندانه‌كان له‌عێراق پرسێكی هه‌ستیاره‌ و پێشبینی ده‌كرێت نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار به‌ندكراو له‌ناو زیندانه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی داد، ناوخۆ و به‌رگریدا هه‌بن، جگه‌ له‌ به‌ندینخانه‌ی دیكه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌واڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و دژه‌تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبیش، هه‌روه‌ها باس له‌ چه‌ندین به‌ندینخانه‌ی نهێنی ڕانه‌گه‌یه‌نراو ده‌كرێت كه‌ هه‌زاران گیراویان تێدایه‌.
هەروەها ناوەندی عێراقی بۆ بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ ئاشکرای کردووە، دەیان هەزار زیندانی بە هۆکاری سیاسی و مەزهەبی و کەسیی پێشتر دەستگیر کراون و چەندین ساڵە لە دۆخێکی خراپی جەنجاڵی و گەرمای تاقەت پڕوکێندان کە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی تەندروستیان دروست کردووە.

ھەواڵی زیاتر