کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، پێدانی چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێمای پابەندیی ئەمەریکایە بەهاوکاریکردنی ئەو هێزە.
سێشەممە 6ـی ئابی 2024، ئەمەریکا ژمارەیەک چەکی قورسی لە هەولێر ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ئەوەش توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر.
لای خۆیەوە مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمهریکا لەهەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەو بۆنەوە ڕایگەیاند: هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی ڕێکخراوی نا حزبی خزمەت بە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ڕاشیگەیاند: پێزانینی هەیە بۆ هەوڵەکانی یەکخستنەوە و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەخشینی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە بەو هێزە، هێمای پابەندیی واشنتنە بە هاوکاریی کردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.
کونسوڵەکە گوتی: لەکاتێکدا من کاتەکەم وەکو کونسوڵی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە لەکۆتایی، دەمەوێت پێزانینی خۆم بۆ هەوڵەکانی تایبەت بە چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەمەڕوو، دروستکردن و بنیاتنانی هێزێکی پێشمەرگەی ناحزبی، هەروەها بەتوانا و لێهاتوو لەبەرژوەندیی سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە، بەخشینی ئەم چەکانە بە پێشمەرگە دەرخەری پابەندی ئەمریکایە بەهاوکاریکردنی پێشمەرگە.