دانیشتووانی ناوچەیەکی بارزان زیاتر لە چوار سەد ساڵە خوێی بازاڕیان نەکڕیوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە چوار سەد ساڵە دانیشتووانی ناحیەی پیران، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر خوێیان لە بازاڕ نەکڕیوە، بەھۆی ئەوەی کانیاوێکی خوێی سروشتی لە سنوورەکە ھەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان باشترین جۆری خوێیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.

بەپێی ناونووسین و نۆرە ھەر ڕۆژێک ماڵێک دەچێتە سەر بیرەکە و لە قووڵایی ٨ مەترەوە ئاوە ڕوون و سوێرەکە ھەڵدەگۆزن و لە مەنجەڵێکی گەورەدا ڕووی دەکەن و پاشان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەیکوڵێنن و دەیکەن بە خوێ.
خوێیەکە بە گونێ و فەردە و کیس دەبەنەوە بۆ ماڵەوە و بۆ پێداویستییەکانی خۆیان بەکاری دێنن، ئەم کانیاوە ڕۆژانە ٨ تا ١٠ تەنەکە ئاوی سوێری لێ دەردەھێنن و لە مانگی چوارەوە دەستدەکەن بە بەرھەمھێنانی خوێ تا کۆتایی مانگی دە.
چۆنیەتی دەرھێنانی ئاوەکە بە شێوەیەکە، پێویستی بە کاری ھەرەوەزییە، واتا کەسێک دەچێتە ناو کانیاوەکە و کەسێکی دیکەش لە سەرەوە بە پەتێک ئاوەکە ڕادەکێشێتە سەرەوە، دواتر ئاوەکە دەپاڵێورێت و دەخرێتە ناو حەوزی کوڵاندن، لە ھەر بیست لیترێکی ئاوەکە، زیاتر لە دە کیلۆگرام خوێ بەرھەم دێت.
قۆناخی کوڵاندنی ئاوە سوێرەکە لە گەرمای ٤٢ پلەی سیلیزی لە وەرزی ھاویندا، وا دەکات خوێیەکە خێراتر ئامادەبێت و ئاوەکەش زووتر وشک بێتەوە.
کەسێک ئاگری ژێر دەفرەکە خۆش دەکات و ئەوەی دیکە ئاوە سوێرەکە بەپێی پێویست دەخاتە ناو دەفرەکەوە، ھەروەھا یەکێکی دیکەش خوێیە دروستبووەکە لە ئاو جیادەکاتەوە.
کزەی دەنگی ئاوەکە نیشانەی کۆتایی ھاتنی قۆناخی کوڵاندنە، بۆیە دیسان دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی خوێیەکە و ڕاستەوخۆش ئاوەکە وشک دەبێت و دەبێتەوە خوێ.

مێژووی هەڵقوڵانی کانیاوەکە
ئەحمە مستەفا، دانیشتووی ناحیەی پیرانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەمە کانیاوێکی پیرۆزە لە باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە، بەسەرھاتەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی یەکەم کەس کە کانیاوەکەی دروستکردووە ناوی شێخ یوسف بووە، کە کەسێکی پیاوچاک بووە، ئەو وەکو کەسایەتییەکی ئایینی ناوی ھێنراوە.
ئەو ھاووڵاتییە، دەشڵێ: دیواری ئەم کانیاوە لەوەتەی دانراوە لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەی دەستکاری بکرێت ھەر وەکو خۆی ماوەتەوە و نەڕووخاوە، تەمەنم ٦٥ ساڵە ڕۆژێک نەبووە ئاوی ئەم کانیاوە وشک بووبێت، تەنیا لەم وەرزەی ساڵ ئاوەکەی کەمێک کەم دەبێت.

خەڵکی ناوچەکە بە تەندروستترین جۆری خوێی دادەنێن
ئەحمەد مستەفا، کە خەریکی دروستکردنی خوێ بوو، ئاشکراشی کرد: کوڵاندنی خوێیەکە وایکردووە کە ھیچ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی یان نەخۆشییەک دروست نەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە جاران لە کاتی خۆی بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەکاردەھێنرا، چونکە دەکوڵێت و ڕێژەی یۆدەکەی کەمە، ھەروەھا بۆ نەھێشتنی ژان یان ئێشی ددان و لابردنی گیرەی ددانەکان سوودی لێ وەردەگیرێت و داواکاری زۆریشی لەسەرە، لە لایەن خەڵکی شارەکان داواکاری لەسەرە و وەکو دیاری دەدەین بە دۆست و ناسیاوەکانمان.
ئەو ھاووڵاتییە، زیاتر دەڵێ: ھیچ کاتێک بیرمان لەوە نەکردۆتەوە کە کارگەیەک دروست بکەین و ئەو خوێیە بفرۆشین، باب و باپیرانمان نەیان فرۆشتووە و ئێمەش نا فرۆشین، تەنیا خەڵکی ناوچەکە بۆخۆیان بەکاردەھێنن، ئەگەر کەسێک داوا بکات ئەوا بێ بەرامبەر پێی دەدەین.

ھەواڵی زیاتر