١١یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس کرایەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە شاری سلێمانی ١١یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس کرایەوە و بڕیاریشە دوو مانگی داهاتوو ماڵەکەی وەک مۆزەخانە بکرێتەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە لەسەر گۆڕی شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەران، ١١یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس کرایەوە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بە (هەولێر)ی راگەیاند “بە دڵێکی فراوانەوە وەکو پشکۆ و ئاگر وەک گوڵەباخ و ئاو لەم یادەدا بەشدارم، بڕیارە لە دوو مانگی داهاتووشدا ماڵەکەی وەک مۆزەخانە بکەینەوە”.
هەروەها وتی “ئەگەر لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس ورد بینەوە قۆناغبەندی جیاوازن، بۆ نموونە لە (ئێستا کچێک نیشتمانمە) زۆر بە روونی باسی ئەو بێزارییە دەکات بەرانبەر ئەو نادادپەروەرییەی لە کوردستان هەیە، هەندێک لە قسەکانی شێرکۆ هاتۆتە دی و هیوادارم ئەو نادادپەروەرییەی هەیە نەمێنێت”.
هەڵۆ وتیشی “ئێمە وا راهاتووین کە نیشتمان سەنتەرێکە لە سەنتەری شارەکان، بەڵام دیارە مەبەستی شێرکۆ ئەو نادادپەروەرییەیە کە هەیە”.
سەبارەت بەو مۆزەخانەیەی کە بڕیارە بکرێتەوە، هەڵۆ دەڵێت “مۆزەخانەکە سێ بەشە، یەکەمیان پەیوەندی بە نمایشکردنی جۆری ژیانیەوە هەیە، دووەمیان دەستنووس و شیعرەکانی، سێیەمیش هۆڵێک بۆ چالاکی ئەدەبی”.
هەر لەو بارەیەوە هونەرمەند ناسری ڕەزازی بە (هەولێر)ی راگەیاند “لە ساڵی (١٩٧٩)ەوە شاعیری گەورە مامۆستا شێرکۆ دەناسم، دۆستایەتیمان زۆر خۆش بوو ، بەداخەوە دنیا وای لێهاتووە کەسێکی نوخبەی وەک مامۆستا شێرکۆ کەم هەڵدەکەوێت، بەڵام هەتا هەتایە لە بیری خەڵکی کوردستان ناچێتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد “بەلای منەوە بە زمانی خەڵک شیعری دەوت و تاکە شاعیریشە ڕۆمانە شیعر بنووسێت، جێی شانازییە رۆمانەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی بیانی”.

ھەواڵی زیاتر