لە کەرکووک بڕیاری لادانی ئەو تابلۆ تازانەی هاتوچۆ دەدرێت کە زمانی کوردییان لەسەر نییە

لە سنووری پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک تابلۆی نوێی هێماکانی هاتوچۆ لە شەقامەکان دانراون کە زمانی کوردییان لەسەر نییە، دوای ناڕەزایی و چەند پەیوەندییەکی شاخەوان عەبدوڵڵا بەربژێری هەڵبژێردراوی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، بڕیاری لادانی سەرجەم تابلۆکان دەدرێ.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: “لە دوای هەڵواسینی تابلۆی نوێی هێماکانی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای کەرکووک راستەوخۆ لە دژی ئەو بابەتە پەیوەندیم بە لایەنی پەیوەندیدار کرد کە ئەو تابلۆیانە پێچەوانەی دەستووری عیراقە و لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەین کاربکەن بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە تابلۆکان”.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ئەوەش داوە : “دەست بەجێ دەست کرا بە لێکۆڵینەوە و بریکاری پاریزگاری کەرکووک پەیوەندی پێمەوە کرد کە ئەوان بێتاوانن و دەست بەجێ ئەو تابلۆیانە هەڵدەگرن و زمانی کوردی زیاد دەکرێت، داوام لێکرد هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەو بابەتە بە بەیاننامەک روونبکەنەوە بریاریدا بەیانێکیش دەر بکەن”.

روونیشیکردووەتەوە کە داوای کردووە ئەو کەسە دەستگیر بکرێت کە بەرپرسە لەو کارە راشیگەیاندووە: “هەر دوابەدوای ئەوە پەیوەندیم بە سەرۆکی شارەوانی کەرکووکەوە کرد و بۆمی پشت راست کردەوە کە هەڵە بووە و فەرمان کراوە تابلۆکان هەڵبگیرێت و چاکبکرێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر