لوفتهانزا سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ، تاران و بەیروت ڕاگرت

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئابی 2024، گروپی فڕۆکەوانی لوفتهانزای ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێڵە ئاسمانییەکانیان تا 7ـی ئاب، گەشت بەسەر ئاسمانی ئێران و عێراقدا ناکەن.

گروپەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ، تاران و بەیروت تا 12ـی ئاب ڕاگرتووە.

ڕۆژی 1ـی ئاب، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، فڕۆکەیەکی پڕ لە سەرنشین سەر بە کۆمپانیای لوفتهانزا کە بەرەو فڕۆکەخانەی بنگۆریۆنی ئیسرائیل دەفڕی، لە نیوەی ڕێگە تیمی فڕۆکەکە سەرنشینانیان ئاگادار کردەوە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە قوبرس دەنیشێتەوە.

هەر بە گوێرەی زانیاری کەناڵەکە، دوای ماوەیەک لە نیشتنەوەی فڕۆکە ئەڵمانییە لە فڕۆکەخانەی لارنکای قوبرس، تیمی فڕۆکەکە گەشتیەکەیان هەڵوەشاندووتەوە و بەرەو فڕۆکەخانەی میونیخی ئەڵمانیا گەڕانەتەوە.

لەم بارەوە کۆمپانیای لوفتهانزا ڕایگەیاندبوو، فڕۆکەیەکیان بەهۆی خۆپارێزی و کێشەی ئەمنییەوە بە ناچاری گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.

هەروەها هەر یەک لە هێڵە ئاسمانییەکانی وەک دەلتا و یونایتدی ئەمەریکی، بڕیاریان داوە گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ تا کاتێکی نادیار ڕابگرن، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە دوای کوشتنی هەر یەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و کوشتنی فوئاد شکور، سەرکردەی حزبوڵڵا لە بەیرووت.

ھەواڵی زیاتر