سەرچاوەی ئاوی ڕیشێن و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش لەکوردستان

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

سەرچاوەی ئاوی ڕیشێن دەكەوێته‌ سنووری خورماڵ لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەدێیە لە داوێنی چیای سورێن کە ئاوەکەی لە بنی شاخەوە هەڵدەقوڵێت. سەرچاوەكە دەكەوێتە سەرووی گوندی ڕیشێنەوە و هەربەناوی گوندەكەوە ناونراوە و حەوزێكی گەورەی لەبەردەمدا هەیە لە وەرزی هاویندا ئاوەكەی زۆر ساردە و بۆ خواردنەوە پێویستی بە بەفر نیە. دیمەنی سەرنجڕاكێشی سەرچاوەكە و زۆری ئاوەكەی وای كردووە لە وەرزی بەهار و هاویندا خەڵكی بۆ سەیران روو لەو سەیرانگەیە بکەن. دەگووترێ شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا قانع کە بە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان ناسراوە و لە کۆماری کوردستاندا لە گوندی سەرچنار، لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی دەڤەری موکریان مامۆستای قوتابخانە بووە، لە گوندی ڕیشێن هاتووەتە دەنا.
دلاوەر زرار، دانیشتووی ئەو ناوچەیەیە و دەربارەی ئەو سەرچاوەیە دەڵێ: سەرچاوەی ئاوی ڕیشێن دیمەنێكی جوانی هەیە، پێشتر دەرخستەی پرۆژەی گەشتیاری بۆ كراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە. ڕیشێن زێدی شاعیری نەتەوەیی كورد قانعە کە بە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان ناوی دەرکردووە و مامۆستای قوتابخانە بووە لە کۆماری کوردستان. سەرچاوەی ئاوی ریشێن بە هەدەر ناڕوات و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ كشتوكاڵ بەكاردی دەهێنن و ژمارەیەكی زۆر زەوی كشتوكاڵی لەبەردەمدایە و زیادەی ئاوەكەی دەچێتە رووباری سیروان.
دەشڵێت: گوندی ڕیشێن یەکێک لە گوندە جوانەکانی باشووری کوردستانە کە بەهۆی بوونی کانیاوێک لەم گوندە کە وەک ڕووبارێک لە دڵی شاخێکەوە هەڵدەقوڵێ، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ لە باشووری کوردستان. ئەم گوندە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە. لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەدێیە گوندی ڕێشین لە داوێنی چیای سوورێن هەڵکەوتووە. کانیاوێکی پڕ ئاو کە ڕووبارێکی لەبەر دەڕوا، لە بنی شاخی سوورێنەوە هەڵدەقوڵێ. سەرچاوەی ئەم ئاوە دەکەوێتە سەرووی گوندی ڕیشێنەوە و هەر بە ناوی گوندەکەشەوە ناونراوە “چاوگی ڕیشێن”. هەبوونی چاوگی ڕیشێن لە سەرووی ئەم گوندە، وای کردووە ساڵانە لە وەرزەکانی بەهار تا پاییزدا، خەڵکێکی زۆر سەردانی بکەن و ئەم گوندە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرینگ لە باشووری کوردستان.
دلاوەر زرار باس لە دانیشتووانی گوندی ڕیشێن دەکات و دەڵێ: دانیشتووانی گوندی ڕێشین تەنیا ٦٥ بنەماڵەن و ٦٥ خانووی ئەو بنەماڵانە بە هۆی هەبوونی زەویی کشتوکاڵی لە گوندەکە، بە شێوەی بڵاو و دوور لە یەک دروست کراون. پیشەی سەرەکیی دانیشتووانی ئەم گوندە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەرە. سەرچاوی ئاوی ڕێشینیش هەم بۆ کشتوکاڵ و هەم بۆ خواردنەوە لە لایەن دانیشتووانی گوندەکەوە بەکار دەهێنرێت. گرنگترین ئەو بەروبوومانەی لە گوندەکە بەرهەم دێن بریتین لە، گەنم، ترێ، خەیار، هەنار، تەماتە، پیاز، سێو، نۆک، هەرمێ و چەندین بەرهەمی تر. ئەو بنەماڵانەی ئاژەڵ بەخێو ئەکەن، ژمارەیان کەمە و دانیشتووانی گوندەکە زیاتر بە کشتوکاڵەوە خەریکن. ئەو ئاوەی لە چاوگی ڕشێنەوە هەڵده قوڵێ و لە کشتوکاڵ و خواردنەوەی خەڵکی گوندەکە زیاتر دەبێ، وەک ڕووبارێک دەگاتە گوندی “قەدەفەر” کە لە خوار گوندی ڕیشێنەوە هەڵکەوتووە و زۆربەی جووتیارانی ئەم گوندەش ئاوی ڕشێن بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکار دەهێنن. هەر لە ریشێن سەرچاوەیەکی تری ئاو هەیە کە ناوی لێ نراوە “شڵم”، ئەم ئاوە کە تا ڕادەیەک سوێر و گەرمیشە، جیاوازە لەو ئاوەی بە ناوی چاوگی ڕیشێن ناسراوە. گوندی ڕیشێن چەندین جار بە ناچاری چۆڵ کراوە، بەڵام دانیشتوانی ڕەسەنی گوندەکە دووبارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئاوەدانیان کردووەتەوە و تا ئێستاش لەسەر ژیان و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە گوندەکەیان بەردەوامن.

ھەواڵی زیاتر