قەڵای دێرێ لەهەولێر مێژووێکی زۆر دێرینی هەیە

گەرمیان گلی- هه‌ولێر

قەلای دێرێ لەهەولێر، دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای داوێنی زنجیرە چیای پیرمام و بە دووریی ٣٨كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێر هەڵکەوتووە و تەنیا ٢كیلۆمەتر لە لای چەپی ڕێگای هەولێر و دارەبزمارە و گوندی سەرووكانی دوورە. قەڵاكە لە سەر گردێكی بەرز دروست کراوە و پێک هاتووە لە شوورایەكی پتەوی قایمكاریی سەربازی كە بە چوار دەوری گردەكەدا دروست كراوە و لە ناو قوڵە و دیوارەكانیدا كونی مەتەرێزی بەرگری هەیە. پاشماوەی دیوارەكانی لە ١تاكوو ٦م بە بەرزی ماوە. هەر لە ناو قەڵاکەکەدا پێنج ژوور و هۆڵێک و حەوشەیەكی گەورە بە پێوانەی ٢٣×٢١،٧٠م و بیرە ئاوێک دەبیندرێ.

شوێنەوارناس ئامانج مەحموود، دەربارەی مێژووی قەڵای دێرێ دەڵێ: قەڵای دێرێ لە پارێزگای هەولێر سەردەمانێک قەڵایەكی گەورەی پاراستنی دەسەڵاتی میری میرنشینی “سۆران” بووە و ئێستا وەکووئاسەوارێكی كۆنی سەردەمی پاشایەتی میری سۆران ماوەتەوە، قەڵاکە بەشێکە لە كولتوور و شوێنەواری كوردستان. هەرچەند مێژوونووسان پێیان وایە مێژووی قەڵاکە زۆر لە مێژووی میرنشینی سۆران کۆنترە و تەنیا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینە کوردییەدا نۆژەن کراوەتەوە.
دەشڵێت: بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، درووستكردنی قەڵای دێرێ دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەكەمی پێش زایین، واتە سەردەمی “ئاشوورییەكان”، دواتریش لە سەردەمی میر مستەفای باوكی میر محەممەد پاشای ڕواندز ئاوەدان كراوەتەوە. قەڵاكە لە سەردەمی خۆیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٠٠ تا ١٨٣٨ی.ز بە مەبەستی چاودێریكردنی ڕێگا بازرگانییەكانی نێو میرنشینی سۆران لەگەڵ میرنشینە هاوسێكانی و وڵاتانی وەک قاجارییەکانی ئێران و توركیای عوسمانی بەكارهاتووە. بەپێی گێڕانەوەكانی خەڵكی ناوچەكە، تا ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم خەڵكی تێدا ژیاوە و وەک حەسارێک وابووە. دوواتر چۆڵ كراوە و كراوە بە سەربازگەیەكی حكوومەتی عێراقی. قەڵاكە بیرێک و خەزانێكی ئاوی تێدا ماوە كە ئێستا پڕكراوەتەوە، شەش قه ڵای چاودێریكردنی له سه ر ڕێگەی بازرگانی و خەڵک لە نێوان موسڵ و ئێران و توركیادا هەبووە. خەڵک و بازرگانەكان لە شارەكانی كەركووک و هەولێر بە ڕۆیشتن بەڕێگای گوندەكانی بەحركە و بەستۆرەدا دەگەیشتنە ئەم قەڵایە.
ئەو شوێنەوارناسە زیاتر گووتی: قەڵاکە لە بینایەکی شەش لایەنی ناڕێک پێكهاتووە و شەش بورجیشی هەیە، بە لای باشووری ڕۆژهەڵاتی قەڵاكەدا پاشماوەی مزگەوتێک و ژمارەیەک خانووی لێ دیارە، بەهۆی لێكچوونی شێوازی دیوارەكان و ئەو كەرەستانەی قەڵاكەیان پێ درووست كراوە، مەزندە دەكرێت لەگەڵ قەڵاكە هاوسەردەم بن. بەشێوەیەكی گشتی قەڵاكە لە بەردی ناڕێک و ماددەی قسڵ دروست كراوە و جگە لە بورجەكانی ژمارەیەک ژووری هەیە كە بەسەر حەوشێكی گەورەدا دەكرێنەوە. لە ناوەڕاستی قەڵاكەدا بیرێكی ئاوی تێدایە كە لە كانیاوەكانی دەورووبەری بەكارێز ئاویان بۆ ڕاكێشاوە، تا حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو ئاوی هەر تێدا بووە. قەڵاكە لە وەرزی بەهاردا، بەتایبەت لە دوو مانگی یەكەمی ئەم وەرزەدا، خەڵكانێكی زۆر سەردانی ئەم شوێنە دەكەن و بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری. ئەم قەڵایە لە ساڵانی رابردوودا لە لایەن بەشێک لە هاونیشتمانییانەوە زیانی پێ گەیشتووە و مەترسیی لەنێوچوونی لە-سەرە.
لە پەڕەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێم بۆ ناساندنی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان، قەڵای دێرێ بەم شێوەیە پێناسە كراوە و دەڵێ: ئەم قەڵایە دەكەوێتە دووریی ٤٠ كم لە باكووری شاری هەولێر، لەسەر ڕێگای هەولێر دارە بزمارە لە نزیگ گوندی دێرێ، كە هەر بە ناوی ئەم گوندەشەوە ناونراوە. ئەم قەڵایە لەسەر گردێكی توورەگەڕێژ درووست كراوە و بەرزیەكەی ٣٩ مەتر دەبێت. لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە پێی ڕووپێویی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر، زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی هەن و تاكوو ئێستاش گەڕان و ڕووپێوی بەردەوامە. بەناوبانگترین شوێنەوارەكانی هەولێر، قەڵای خانزاد و دوین، قەڵای دێرێ و بانەمانن.

ھەواڵی زیاتر