مەترسییەکانی سەر ژینگەی شارەکە، بەرپرسانی هەولێری هێنایە سەر خەت

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکەکانی باشووری هەولێری پایتەخت ڕۆژنامەی هەولێریان ئاگادار کردەوە لەوەی ئەو ڕۆژە لە قووڵایی خەودابوون و بۆنێکی ژەهراوی ئەوانی لەخەو ڕاپەراندووە و نەیانتوانیوە بخەونەوە.

بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و ژەهراوی لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر شتێکی نوێ نییە و پێشتر چەندین جار هەر لە ڕێگای ئەم ڕۆژنامەیەوە هۆشداری دراوە لەوەی ئەگەر ڕێوشوێنێکی تۆکمە و پێویست بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی پیسکردنی ژینگە نەدۆزرێتەوە ئەوا ڕێژەی پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوای هەولێر ئەوەندە بەرز دەبێت کە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و لەوانەیە نەخۆشییەکانی پەیوەست بەو بۆنە ژەهراوییانە بە خێرایی پەرە بستێنن و قوربانیی گەورەیان بەدواوە بێت کە وێڕای زیانی گیانی، زیانێکی زۆر بە ئابووری کوردستان دەگەیەنێت.

نیگەرانی هاووڵاتیان
مامۆستا محەمەد ، کە زیاتر لە دوو ساڵە لە گەڕەکی ژیان دەژیت، دەڵێت نێوەنێوە هەست بە بۆنێکی زۆر ژەهراوی و پیس دەکات و لە وەرزی زستان و پایزدا جار هەیە بۆنەکە ئەوەندە ناخۆشە ناتوانێت لە باخچەی بەردەم ماڵەکەی خۆی دانیشێت و ناچار دەچێتە ژوورەوە بەڵام لە وەرزی هاویندا کە لە ژوورەوەش بە بێ فێنککەرەوە ناحەوێیتەوە بۆنە ناخۆشەکە هەر لە ڕێی ئامێری فێنککەرەوە دێتە ژوورەوە و ئەوەندە بێزارکەرە زۆر جار شیرینیی خەویشت لێ دەزڕێنێت.
ژمارەیەک هاووڵاتیی تر کە لە گەڕەکی عەدالەی نوێ\راستی دەژین باسیان لەوە کردووە کە بە قسەی خۆیان کە گەڕەکێکی خۆش و ڕاقی دەژین، نزیکەی سەد و پەنجا هەزار دۆلاریان بەخانوو داوە بەڵام نزیکەی دوو ساڵ دەبێت ئەو گەڕەکە وەک ساڵانی پێشوو نەماوە و هەواکەی زۆر پیستر بووە و ناکرێ لە پایتەخت بژی بەڵام دووکەڵی دەرەوەی شار بێزارت بکات لە کاتێکدا لە شارە گەورەکان خەڵک لە ناوەوەی شارەوە هەوڵ دەدەن بچنە دەرەوەی شار بۆ ئەوەی هەوایەکی پاکتر هەڵمژن.
هۆکارەکان
هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگە لە هەولێر زۆرن و تەنانەت بەرپرسی یەکەمی شارەکە کە پارێزگاری هەولێرە خۆی ڕۆژی یەکشەم دانی بەوە نا کە پێشێلکارییەکان زۆرن و ژمارەیەکی زۆری پاڵاوگە لە کارکردندان کە هیچ مۆڵەتێکی یاساییان نییە.
نەبوونی مۆڵەتی یاسایی ئەویش بۆ پڕۆژە یان کارگەیەک کە کارەکەی پەیوەستە بە پێترۆکیمیایی و ژینگەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بەشێک لە بازرگانان لە بەرهەمهێناندا ڕەچاوی هیچ جۆرە پێوەرێکی پاکڕاگرتنی ژینگە ناکەن و تەنیا لە بیری پڕکردنی گیرفانیان دان.
دوێنێ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بەو دەرەنجامە گەیشتوون ڕێوشوێنی نوێ و توند بۆ پاکڕاگرتنی شار بگرنە بەر و بۆیەش کۆمەڵەک بڕیاریان دەرکردووە.

١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەیە
ئەو ڕوونی کردەوە کە سەد و سی و هەشت پاڵاوگەی نایاسایى لە هەولێر هەن و لەمڕۆوە هەرهەمویان دادەخرێن، ئەوانەشى پابەند نەبن بە بریارەکەوە سزا یاسایى دەدرێن و تەنانەت دەستگیر دەکرێن. ماوەی دە ڕۆژیش بە پاڵاوگە و کارگە یاساییەکان دراوە کە دەبێت تەواوى مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن و هەموو کەمووکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە ڕێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئومێد خۆشناو داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرد ئەگەر هەر جۆرە گرێبەستێکی پێدانی نەوت بەو جۆرە پاڵاوگانە لە ڕابردوودا هەبوبێت ئەوا لەمڕۆوە کاری پێ نەکرێت و بە هیچ شێوەیەک مەوادی خاو بەو پاڵاوگانە نەدرێت چونکە بڕیاری داخستنیان دراوە.

بەشێک لە خاوەن مووەلیدەکان پابەندی مەرجەکان نەبوونە
جێی باسە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسکردنی ژینگەی هەولێر مووەلیدەی گەڕەکەکانە و ژمارەیەک لەوانە سووتەمەنیی پیس بەکار دەهێنن و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی مووەلیدەکانی گەڕەک گوتی سەرەڕای ئەوەی کە چاودێری هەبووە بەڵام بەشێک لە خاوەن مووەلیدەکان ڕەچاوی مەرجەکانیان نەکردووە بەڵام لەمەودوا بڕیارەکان توندتر دەبن و سزاکە تەنانەت گرتنی خاوەن مۆلیدە و لێسەندنەوەی پڕۆژەکەی لەگەڵدایە. یەک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە گازی خراپ بەکارنەهێنن و پشکنین بۆ سووتەمەنییەکانیان دەکرێت، جگە لەمە ئەوانەی دووکەڵ دەردەکەن سزا دەدرێن و ئەوانەش کە مۆلیدەکانیان کاتم یان بێدەنگ نەکردووە دەبێت لە ماوەی یەک هەفتەدا کاتمی بکەن.
بڕیاری بێدەنگکردنی مۆلیدەکان لە سەردەمی دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی کۆچکردووی هەولێر دەرکرا کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە کەمکردنەوەی دەنگی مۆلیدەکان و پاکڕاگرتنی ژینگە بەڵام دواتر ژمارەیەک لە مۆلیدەکان پابەندی بڕیارەکە نەبوون.

زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ئۆتۆمبێل ڕوونی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕاسپێردراوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات ئەوا دەستی بەسەردا دەگیرێت و دواتر بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت بۆ چاککردنەوە و ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر.
هۆکارێکی تری پیسکردنی ژینگەی هەولێر بە تایبەتی خەبات وێستگەی هەڵمیی خەباتە کە وێستگەیەکی حکوومییە و بۆیەش داوای لە هەر دوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان کرد ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە وەربگرن چونکە هیچ جیاوازییەکی نییە و کورتی تایبەتی و گشتی دەبێت بە یەکەوە ڕێنماییەکانی ژینگە جێبەجێ بکەن.

لیژنەیەک پێکهێنرا

بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو بڕیارانە لیژنەیەکی لە لایەن پارێزگاری هەولێر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکان و پۆلیس و ئاسایش پێکهاتووە بۆ ئەوە تەواوی ئەو فەرمانانە بە تەواوی جێبەجێ بکات و بە تەواوی لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لیژنەکە کاتی و لە شێوەی هەڵمەت نابێ و بە بەردەوامی کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت و بەگوتەی خۆشناو هەر بەرپرسێک چاوپۆشی بکات ئەوا لێپێچینەوەی توندی لەگەڵدا دەکرێت و کارەکانی ئەو لیژنەیە لە یەکشەمەوە دەستی پێ کردووە و هەفتانە چالاکییەکان ئاشکرا دەکرێن و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر هەفتانە ئەو لێپێچینەوە و چالاکییانە ڕادەگەیەنێت کە ئامانج لێی پاراستنی تەندروستیی دانیشتووانی هەولێر و پاکڕاگرتنی ژینگەکەیەتی.
ئەگەر بڕیارەکان بەو شێوەیەی باس کرا جێبەجێ بکرێن ئەوا ژیان لە هەولێری پایتەخت ئاسوودەتر و خۆشتر دەبێت و چی تر هاووڵاتی بە بۆنی ناخۆشی هەواکەی شیرینیی خەوی لێ نازڕێت.

ھەواڵی زیاتر