هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

پارتی پۆپۆلیست لە ئەمریكا نموونەیەكی گرنگە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێزە پۆپۆلیستەكان لە تەواوی دونیادا لە هەڵكشانن، بەشێكیان گەیشتوونەتە لوتكەی دەسەڵات، بەشێكیش چەند هەنگاوێكیان ماوە تا بگەنە لووتكە، نموونە لە هەڵبژاردنی فەڕەنسا، پۆپۆلیستەكان توانیان ٣٠٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنن و گوتیان، بەو مانایە نییە، نەگەیشتینە دەسەڵات، ئەمە سەركەوتنە و نزیك بوینەتەوە لەوەی بگەینە لووتكە. پۆپۆلیستەكان، بڕوایان بە دیموكراتی و ئازادی تاك نییە، ئەوان كار لەسەر قەیران دەكەن، واتە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە، قەیران لە وڵاتدا بەردەوامی هەبێت، تا سواری سەری قەیران ببن و بگەنە دەسەڵات.

”ئێمە گەلی راستەقینەین“، ئەمە دروشمی پۆپۆلیستەكانە لە تەواوی جیهاندا، پێیانوایە لەوان زیاتر كەس نیشتیمانی خۆش ناوێت، لەوان زیاتر كەس بەتوانا و بەهرەمەند نییە و لەوان زیاتر كەس لەخەمی میللەت نییە، كاتێكیش دەنگی گەل بەدەست دەهێنن، ئیدی یان دەبن بەدیكتاتۆر، وەكوو سەرۆكی پێشووی فەنزوێلا و ئەرژەنتین، یان تەمەنی پەپوولەیان هەیە و زوو كۆتاییان پێدێت.
پۆپۆلیست جۆری زۆرە، پۆپۆلیستی سیاسی و ئابووری و كلتووری هەیە، جۆرە سیاسییەكەی ئەوانەن كە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە بگەنە دەسەڵات و كار لەسەر ئەوە دەكەن، كەسایەتییە سیاسییەكانی تر وەكوو خاین و خۆفرۆش ناوببەن، بەشێكی زۆری ئەو جۆرە پۆپۆلیستە سەركەتوو بوونە.
جۆرە ئابوورییەكەی، كار لەسەر قەیرانە ئابوورییەكە دەكەن، ئەوان وا لە گەل دەگەیەنن كە ئەو داهاتەی لە وڵاتدا هەیە، بەشی هەموو تاكێك دەكات، كە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بژیت، بەڵام دەسەڵات دەیدزێت، لە كاتێكدا باس لەو سەرچاوە داهاتە ناكەن، لە وڵاتدا هەیە و ئایە چۆن دەتوانن بەو داهاتە خۆشگوزەرانیی دروست بكەن.
با نموونە بە كەمال كلیچدارئۆغڵو بهێنینەوە، ئەو پێشتر سەرۆكی جەهەپە بوو، پارتەكەی پۆپۆلیست نییە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا، زمانێكی پۆپۆلیستانەی بەكارهێنا و ویستی لەورێگەیەوە بگاتە دەسەڵات.
ئەو تیشكی خستە سەر جۆرە ئابوورییەكەی، بەڵێنی بە گەلدا، ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات، شارێك دروست دەكات، تێچووەكەی ٣٠٠ ملیار دۆلارە و ئەو پارەیەش بە داهاتی وڵات دابین دەكات. هەرزوو گەل زانی، ئەمە خەیاڵە، چوونكە دروستكردنی شارێكی لەو شێوەیە، بەو داهاتەی لە خەزینەی وڵاتدا هەیە دروست ناكرێت.
هەرچەندە ئێمە پێمانوابێت پۆپۆلیستەكان هەڕەشەن بۆ سەر دیموكراتی، بەڵام ئەوان شارەزان لەوەی، دەمەزراوەیەك، یان هەر كێشەیەك لە حكوومەتدا هەبێت بیقۆزنەوە و كاری لەسەر بكەن، هەر ئەمەش ئەوان دەگەیەنێتە دەسەڵات، بەڵام تەمەنیان كورت دەبێت، چوونكە چارەسەریان بۆ كێشە و كەموكوڕییەكان پێنییە.
(پارتی پۆپۆلیست)، بە باوكی پۆپۆلیستەكانی جیهان دادەنرێت، كە لە ١٨٩٢ لە ئەمریكا دامەزرا، ئەوكات ركابەرێكی سەختی لەگەڵ دەسەڵاتدا دەكرد، بەڵێنی بە جوتیاراندا قەرزەكانیان دەكاتە سفر، هەروەها رەوشی كرێكار زۆر باش دەكات و لەڕووی ئابوورییەوە ئەمریكا دەگەیەنێتە لوتكە.
لە هەڵبژاردنی ١٨٩٢، توانی ٨.٥٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە ١٨٩٦، پاڵپشتییان لە پارتی دیموكراتی ئەمریكا كرد و بەمەش بەرەو توانەوە چوون. بەر لەوانیش پارتی تری پۆپۆلیست لە ئەمریكا لەدایك بوو، وەكوو پارتی ئەنتی كاتۆلیك، كە لە هەڵبژاردنی ١٨٥٤، سێ سیناتۆر و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش ٢٠ ئەندامیان بردەوە. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ١٨٥٦دا، توانیان ٢١.٥٪ی دەنگەكان ببەن، بەڵام زوو توانەوە و ئەو بەڵێنانەی بە جووتیار و كرێكاراندا نەیانتوانی ببەنە سەر و چوونە ناو پارتی كۆماریی.
بەڵام لەم سەردەمەدا، پۆپۆلیستەكان لە هەڵكشانن، ئەوان دەگەنە دەسەڵات و لە تەواوی دونیادا بەربڵاون، تەنانەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، ئەوان سێ بەرامبەر دەنگەكانیان زیادی كرد و لە ئیتاڵیا و هۆڵەندا و هەنگاریا، گەیشتە لوتكەی دەسەڵات.
لەو وڵاتانەی سیستەمی دیموكراتی بەهێزە، سەركردە پۆپۆلیستەكان، ناتوانن ببنە دكتاتۆر، بەڵام ئەگەر سیستەمی دیموكراتی لاواز بێت وەكوو ئۆربانی سەرۆكی هەنگاریا، سەرۆكەكەیان بەئاسانی لەسەرو كورسی لاناچێت.
زۆرجار، پارتی سیاسی جەماوەر و ئۆرگانەكانی پۆپۆلیست نین، بەڵام لەكاتی هەڵبژاردندا كەسی پۆپۆلیست دەهێننە پێشەوە، تا بتوانن كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكەن، بەڵام پاشان ئەو پۆپۆلیستانە دەبنە بەڵا بۆ ئەو پارتانە، چوونكە لەناو پەرلەمان ئەدایەكی لاوازیان هەیە و نابنە خاوەن ئەو بەڵێنەی داویانە، بۆیە پارتە رەسەنەكان لە تەواوی جیهاندا، تا بۆیان بكرێت خۆیان لە بەربژێری پۆپۆلیست دوور دەخەنەوە.
هەر پارتێك دروشمی گۆڕانكاری بەرز كردەوە، بەڵێنی بە گەلدا ئەگەر بێتە دەسەڵات گۆڕانكاری گەورە، لەڕووی سیاسی و ئابووریی و كلتوورییەوە دروست دەكات، پێویستە سەیری بەربژێرەكانی بكرێت، ئاخۆ ئەوان كەسی پۆپۆلیستن، یان خاوەن عەقڵ و بیرۆكەی گەورەن.
رەوتێك لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، بانگەشەی ئەوە دەكات ئەگەر بێتە دەسەڵات گۆڕانكاری گەورە دەكات، كەچی سەرۆكی لیستەكەی لە هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵ، لە زیندانە و پێشتریش ئەو كەسایەتییە، یەك بیرۆكەی جوان یان گەورەی نەبووە سوودی بۆ وڵات هەبێت، تەنیا یەك شتی هەبووە، ئەویش پۆپۆلیستە و دەیەوێت عاتیفەی گەل بجوڵێنێت و ئەو كەسایەتییە وەكوو مەزڵووم نیشان بدات و بیخاتە پەرلەمانەوە.
ئەمە گۆڕانكاری نییە، گۆڕانكاری ئەوەیە، عەقڵە گەورە و جوانەكان بهێنێتە پێشەوە، گۆڕانكاری ئەوەیە، بەدیلێكی لەوەی دەسەڵات باشتر و گرنگتر بخەیتە بەر دیدی گەل، گەروا نەكەیت، پۆپۆلیستیت و زوو دەتوێیتەوە، وەكوو پارتی پۆپۆلیستی ئەمریكا، تەمەنێكی كورتت دەبێت.