خانەنشینانی سلێمانی ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی هەفتەیەک مۆڵەت دەداتە ئەو خانەنشینانەی کۆدی بایۆمەترییان نییە، بۆ ئەوەی کۆدەکە دروست بکەن.

بەشی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی، داوا لە سەرجەم بانکەکانی دابەشکردنی مووچەی خانەنشنینی لە سنووری ئەو پارێزگایە دەکات، سەرجەم ئەو خانەنشینانە ئاگادار بکەنەوە کە بایۆمەتریان نەکردووە، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی دروستکردنی کۆدی بایۆمەتری.

دووشەممە، 29-07-2024، پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ئامارەکان، 60 هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی خانەنشین بوون و نزیکەی 30 هەزاریان دەتوانن فۆرمی وەرگرتنی زەوی پڕ بکەنەوە، بەو پێیەی ئەوانەی دیکە بەشێکیان مردوون و بەشێکی دیکەشیان پێشتر زەوییان وەرگرتووە.

بە گوێرەی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی فۆرمی دابەشکردنی زەوی لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە دەبێت کە مووچەی خانەنشینی لێ دابەش دەکرێت، بەپێی ئەم مەرج و ڕێنماییانە:

1. تەنها ئەو خانەنشینانە دەتوانن فۆرمەکان وەربگرن کە لە ژیاندا ماون.

2. ئەو خانەنشینانەی فۆرم پڕ دەکەنەوە نابێت پێشتر بەهیچ جۆرێک سوودمەند بووبن لە وەرگرتنی زەوی. 

3. پێویستە فەرمانبەری خانەنشینکراو فۆرمەکان لە ڕێگای فەرمانگەی خانەنشینی پەیوەندیدار لە شارو شارۆچکەکان بگەڕێنێتەوە.

4. نابێت فەرمانبەری خانەنشینکراو پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت.

ھەواڵی زیاتر