وڵاتانی پێشکەوتوو کار لەسەر پاککردنەوەی ژینگە دەکەن

لەبەر رۆشنایی گۆڕانەکانی ئاو و هەوا، وڵاتانی پێشكەوتوو هەریەکەیان بە جۆرێک و ڕێژەیەک پلانی درێژخایەن بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئاو و هەوا دادەڕێژن. بەگوێرەی توێژینەوەکان 75%ـی ژینگەی شارە گەورەکان بەهۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە پیس دەبێت کە سووتەمەنی بەکاردەهێنن، هەر بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو دەیانەوێت بە ڕێکاری سەردەمییانە ژینگەی شارە گەورەکان پاک بکەنەوە و لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا کەم بکەنەوە.

ئێستە وڵاتان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی لێکەوتەکانی ئاو و هەوا  لەسەر ژینگە و تەندروستی دانیشتووان کاریگەرتر بوونە.  زۆرینەی هۆکارەکان پەیوەندیان بە ڕێژەی بەکاربردنی ناتەندروستی بەکارهێنەران لە  شارە گەورەکانەوە هەیە، هەر بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو هەریەکەیان بەگوێرەی پلانێک و ڕێژەیەک، کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو کاریگەریانە دەکەن.

بەو پێیەی ئۆتۆمبێلەکان هۆکاری پیسبوونی 75%ـی هەوای پاکن، پێویستە ڕێگای تایبەت بە پایسکلسواری لە سەنتەری شارەکان دروست بکرێت و خزمەتگوزارییەکانی وەکو پەمپە هەواییەکان و گڵۆپی هاتووچۆی بۆ دابین بکرێت.

بۆ نموونە، لەشارێکی وەک کۆپنهاگن پایتەختی دانیمارک ژمارەی پایسکلسوارەکان بە ڕێژەی 50.1%ـەو لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زیاترە چونکە پتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی بە پایسکل هاتووچۆ دەکەن.

یەکێکی دیکە لە ڕێگرییەکانی پیسبوونی ژینگە، بایەخدانە  بە بەکارهێنانی سیستەمی خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتی و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارپێکراو بە سووتەمەنی و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی هایبرێد و دانانی وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئی ڤی. بەوپێیەی ساڵانە، جگە لە زیانی ئابووری هەر ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی کە سووتەمەنی بەکاردەهێنێت بڕی 4.6 تۆن گازە ژەهراوییەکان بەرهەم دەهێنێت لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلەکانی سیستەمی هایبرێد و کارەبایی دەتوانن ئەم بڕە تا ئاستی سفر کەم بکەنەوە. لە شارێکی وەکو سانفرانسیسکۆ کە چوارەم شاری کالیفۆرنیایە 10%ـی وێستگەکانی کردووە بە ئی ڤی، ئامانجەکە ئەوەیە زیانەکانی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لە 20 ساڵدا بەرێژەی 100% کەم بکاتەوە.

یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ژینگەی شارەکان بریتییە لە دروستکردنی “باخچە، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی سەربان، دروستکردنی باخچەی کۆمەڵایەتی و هاندانی قوتابخانە و چێشتخانەکان بۆ چاندنی کشتوکاڵ”، کە کاریگەری و سوودی زۆری هەیە لەوانە “پاککردنەوەی ژینگە لە هەوای پیس لە ڕێگەی زیادکردنی دەردانی ئۆکسجین، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک، کەمکردنەوەی خراپیی خۆراک و کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکانی گواستنەوەی خۆراک و بەرزکردنەوەی خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری ناوخۆیی.

هەروەها بەگوێرەی پێوەری جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پێویستە هەر تاکێک لە شاردا 15-20 مەتر دووجا لە باخچە و ڕووبەری سەوزایی بەربکەوێت بەو پێیەی ڕووبەری سەوزایی دەبێتە هۆی هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین، هەروەها  ڕۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی تینی تیشكی خۆر بە رێژەی 86% و ڕۆڵی دەبێت لە پێشگیریی لە ڕەشەبا و گەردەلوول.

ھەواڵی زیاتر