ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی جەختکردنەوە لە ئاشتی و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستای ناوچەکە و فراوانبوونی ململانێکان، بەندە بە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ڕاگرتنی حکوومەتەکەی ناتانیهاهۆ لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان پێشلکارییەکانی سەروەری وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خواستی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر لەلایەن لایەنە جیاجیاکانی ئەو ململانێیە و عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە.