سەرۆکی حکوومەت هاوکاریی دارایی پێشکەشی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکات

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی دارایی بەسەر ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دابەش دەکرێت.

یەکشەممە، 04-08-2024، سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هاوکارییە داراییەکە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێزدییایە دەگرێتەوە کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون. تەنانەت ئەوانەی دوای ئازادکردنیان چوونەتە دەرەوەی وڵات”.

سەعید جردۆ، ڕوونیشی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، دەتوانن بە ئۆنلاین فۆرمێک پڕ بکەنەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەلایەن بنکەی لالشەوە بڵاو دەکرێتەوە و بەردەست دەبێت.

سەرۆکی بنکەی لالش، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتیی لە ئێزدییەکانی کردووە و هەوڵی  دەستبەرکردنی مافەکانیانی داوە.

کات و شوێنی دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکە بەم شێوەیە دەبێت:

ڕۆژڕێکەوتشوێنی دابەشکردن
یەکشەممە2024-08-04شاریا
دووشەممە2024-08-05خانکێ
سێشەممە2024-08-06شێخان
چوارشەممە2024-08-07دێرەبوون

بە گوتەی سەعید جردۆ، ئەو ڕزگاربووانەی دانیشتووی شنگالن، دەتوانن هەر چوار ڕۆژەکە سەردانیان بکەن لە شاریا، بۆ  وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندراوە.

هەر لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئێزدییەکان، پێنجشەممە، 18-07-2024، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران،  وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:

1.  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن.

2.  تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن.

3.   هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن.

4.  هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچوونی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.

ھەواڵی زیاتر