كارامەیی، گەوهەری کارەکانە

بەكر كەریم حەسەن

نووسەر و شارەزا لە بنیاتنانی مرۆڤ (ئیبراهیم ئەلفەقی)میسری دەڵێ” ژیری ئەوەیە بزانی چ ئەنجام دەدەی، كارامەیی ئەوەیە بزانی كەی ئەنجامی دەدەی، سەركەوتن ئەوەیە كە ئەنجامی دەدەی “.
كارامەیی لە خۆیدا بە واتا گشتییەكەی كۆمەڵێ شارەزایی و زانین و توانای كەسییە لە هەر كەسێك بوونی هەیە، دەتوانێ لە ماوەیەكی دیاری كراو كارێكی دیاری كراو ئەنجام بدات. ڕوونە لای هەموومان كە كارامەیی لە ژیان بە چوارچێوە گشتییەكەی بریتییە لە ئەنجامدان و تەواو كردنی هەر كارێك كە مرۆڤ مەبەستی بێت ئەنجامی بدات بە شێوەیەكی سەركەوتوو و دەرئەنجامێكی باشی هەبێت. لێزانین لە چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكە خۆی لە خۆیدا كارامەییە. دەكرێ پەرە بە كارامەییەكانمان بدەین بە ڕاهێنان و شارەزایی پەیدا كردن و هەوڵدان و متمانە بەخۆبوون و خوێندنەوە و زانین و فێربوونی زیاتر و زیاتر كە ئەوانەش هەمووی شیاوی بوونە لە كارەكە، كوردەواری خۆمان لە مێژە گوتویانە”نان بۆ نانەوا، گۆشت بۆ قەساب” واتا هەمیشە بە دانانی كەسی شیاو و شایستە لە شوێنی شیاو شایستەكارەكان بەبێ دوو دڵی و بێ ترس ئەنجامی مسۆگەریان دەبێت.
هەر لەم بارەیەوە دەگێڕنەوە” جارێك مەكینەی كەشتییەكی گەورە لە كار كەوتبوو خاوەنی كەشتییەكە پڕس و ڕای بە هەموو شارەزایان كرد كە لەوێ ئامادەبوون زۆر هەوڵیاندا خۆیان ماندوو كرد، بەڵام كێشە و كەموكوڕییەكەیان نەدۆزییەوە و نەیانتوانی چارەسەری بكەن و ماندوو بوونیان بێ سوود بوو، كەسیان نەیتوانی مەكینەكە چاك بكاتەوە، پاش هەوڵدانی زۆر پیاوێكی پیریان دەستكەوت كە كاری دەكرد لە چاككردنەوەی كەشتی لە گەنجییەوە خەریكی چاككردنەوەی كەموكوڕی كەشتییەكان بوو، جانتایەكی گەورەی لا بوو كۆمەڵێ كەلوپەلی تێدابوو كە گەیشتە لای كەشتییەكە دەستی كرد بە كاركردن و مەكینەكەی بە ووردی پشكنینی لە سەرەخۆ لە سەرەوە تالای خوارەوەی مەكینەكه كرد و لێی وورد بووە دیقەتی ووردی دا، لەو كاتەدا دوو كەس لە خاوەنانی كەشتیەکە بە ووردی و بە پەڕۆشیەوە چاودێرییان دەكرد بزانن چی دەكات، دەیان ویست بزانن هۆكاری لە كاركەوتنی مەكینەی كەشتییەكەیان چییە و بزانن چۆن چاكی دەكاتەوە دوای ماوەیەك لە پشكنین كابرای بە ساڵاچوو چووە لای جانتاكە و چەكوچێكی بچووكی هێنا و لە سەرەخۆ و بە هێمنی چەند چەكوچێكی لە شوێنێكی مەكینەكەدا و بێ ئەوەی خۆی ماندوو بكات و مەكینەكە گەڕایەوە باری كار كردن و لە سەرەخۆ چەكوچەكەی خستەوە ناو جانتاكە، پێیانی گووت مەكینەكە چاك بۆتەوە هیچ كێشەیەك و كەموكوڕی نییە، دوای هەفتەیەك خاوەن كەشتییەكە لیستی خەرجییان لە كابرای بە ساڵاچوو وەرگرت نووسرابوو(10000) دەهەزار دۆلار حەقی چاككردنەوەی مەكینەكەیە، بەڵام خاوەنانی كەشتییەكە حەپەسان و هاواریان كرد مەحاڵە چۆن دەبێ ئەو هەمووە پارە كە ئەو هیچ هەوڵ و ماندووبوونێكی ئەنجام نەداوە، پارەكە زۆرە و بۆیان نووسی ووردەكاری خەرجی چاككردنەوەكەمان بۆ بنووسە لە لیستێك، كابراش لیستەكەی بەم شێوەیە نووسی چەكوچ لێدان نرخی (1)یەك دۆلارە، كارامەیی زانینی شوێنی چەكوچ لێدان (9999) نۆ هەزار و نۆسەدو نۆهەت و نۆ دۆلارە ئەوە زانین و كارامەییە نەك ماندوو بوون. ڕاستە ماندوو بوون و هەوڵدان گرنگە، بەڵام زانینی چ كاتێك خۆت ماندوو دەكەی و هەوڵ دەدەی وە زانینی كەی خۆت ماندوو دەكەی لە ژیان ئەوە جیاوازییەكە دروست دەكات.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر