شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە یاسای ڕزگارکردنی ئێزدییەکان کارا بکرێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە کاراکردنی یاسای ڕزگارکردنی ئێزدییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە.

شەممە 3ـی ئابی 2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، لەمیانی کۆنفرانسی یادی دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ڕایگەیاند: داعش قێزەونترین تاوانی دەرهەق بە ئێزدییەکان ئەنجام دا.

هاوکات جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی پەرلەمانی عێراق بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکان کردەوە. ناوبراو گوتی: پێویستە بەردەوام بین لە هەوڵەکان و هەنگاوی جددی و کاریگەر بهاوێژین لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بە هاوکاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چارەکردنی کێشەکان.

گوتیشی: دەبێت بەردەوام بین لە لابردنی بەربەستەکان، بەدەستهێنانی دادپەروەری، دامەزراندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، و چارەکردنی کاریگەرییەکانی تاوانە قێزەوەنەکانی جینۆساید.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد: پێویستە یاسای ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق کارا بکرێت، هەروەها ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت.

ەرەبەیانی 3ـی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری، ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگارییان بوو، ئەوانی دی بە ژن و منداڵ و پیاوەکان دەورووبەریان گیرا و دەستبەسەر کران، لە پرۆسەیەکدا، ژن و منداڵ و پیاوەکانیان لە یەکتر جیا کردەوە، ئەوانەی بەزۆر کرانە مووسڵمان لە ژیان مانەوە، ئەوانەی ڕەتیان کردەوە زۆرە ملێ ببنە مووسڵمان، کوژران و زیندەبەچاڵ کران.

داعش دەستدرێژی سێکسی کردە سەر ژن و منداڵە ئێزیدییەکان، ژن و کچەکانی کردنە کۆیلەی سێکسی، زۆرینەی ئیزیدییەکانی گواستەوە ڕەققە و ناوچەکانی دەورووبەری، دوای کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش، ژمارەیەکی زۆری ئێزیدییەکان بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستی داعش ڕزگار کران.

ھەواڵی زیاتر