سەرۆک بارزانی لە 2014: هەركاتێک كوردستان تەواو بوو، ئینجا ئێزیدخان تەواو دەبێت

سەرۆک بارزانی لە 5ی ئابی 2014 بە بابەشێخی ئێزدییانی گوت: هەركات كوردستان تەواو بوو ئینجا ئێزیدخان تەواو دەبێ. كوردستان دەمێنێت، ئێزیدخانیش دەمێنێت و دوژمنان سەرشۆڕی و شكستیان بۆ دەمێنێتەوە.

زکری مووسا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی دەڵێت، 5ی ئابی 2014، كاتژمێر پێنجی ئێوارە، بابەشێخی ئێزدییان سەردانی سەرۆك بارزانیی کرد و بە چاوێکی پڕ فرمێسکەوە پێی گوت: فەرمانە لەسەر ئێمە. هانامان بۆ تۆ هێناوە، لە ئاسمان خوامان هەیە و لەسەر زەوی بارزان؛ ماڵمان سووتا و لەناوچووین، ئێزیدخان تەواو بوو.

بە گوتەی زکری مووسا، سەرۆك بارزانی لە وەڵامدا بە بابەشێخی ئێزدییانی گوتووە: ئەم كارەساتە درێژەدان و بەردەوامیی هەموو ئەو كارەساتانەیە كە بەسەر كورددا هاتووە. ئەوەی ئێستا تەنیا بەسەر ئێوەدا نەهاتووە، بەڵكوو بەسەر هەموو گەلی كورددا هاتووە. بێهیوا و نائومێد مەبن، بەڵێنتان پێ دەدەم یان سەری خۆمی لەسەر دادەنێم یان تۆڵەی ئەو تاوانە لە دوژمنان و تاوانباران دەكەینەوە.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا بە بابەشێخی گوتووە: باسی تەواوبوونی ئێزیدخان مەكەن. هەركات كوردستان تەواو بوو ئینجا ئێزیدخان تەواو دەبێ. كوردستان دەمێنێت، ئێزیدخانیش دەمێنێت و دوژمنان سەرشۆڕی و شكستیان بۆ دەمێنێتەوە.

هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی

لە هێرشەکەی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا – پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

 هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 579 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دوای نۆ ساڵ لە هێرشەکەی داعش

 بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر قەزای شنگال، زیانی زۆری ماددەی بە ژێرخانی قەزاکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو ڕووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.

ڕۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێ کرد و لە میانی 24 کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵ کرایەوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.

خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.

ھەواڵی زیاتر