سێنتکۆم: فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ئەرک و تایبەتمەندییەکی دەبێت.

سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووتەوە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕیزی کۆمەڵەی پێنجەم کەشیگەلی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری دەبێت لە ناوچەکانی کەنداو، دەریای سوور، کەنداوی عومان و بەشێک لە ئۆقیانووسی هندی.

هەروەها چەندین مەبەستی سەرەکی جێبەجێ دەکات، لەوانە بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، دابینکردنی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و سەقامگیری، پەرەپێدانی توانای ئۆپراسیۆنەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، ئاسانکاریی لە مەشق و بەهێزکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگی. ئەم بڵاوبوونەوەیە ڕێگە بە مانۆری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە ناوچەییەکان دەدات و توانای کارکردنی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکان بەهێز دەکات.

سێنتکۆم ڕاشیگەیاندووە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت، جیا لەوەی توانای هەڵگرتنی چەند جۆرێک فڕۆکەی جەنگی هەیە، دەتوانێت ئاسایشی ئاسمانی و دەریایی بپارێزێت و سیستمێکی پێشکەوتووشی هەیە لە جەنگی ئەلیکترۆنیی و لە بۆ کاری سیخوڕی لە ناوچە وشکانییەکانیش یەکەی تایبەتی هەیە.

لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و فواد شکور، سەرکردەی حزبوڵا لە بەیرووت، ئەمەریکا بڕیاری 12 کەشی جەنگیی و چوار هەزار سەربازی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بکاتەوە.

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردووەتەوە، کەشتییە جەنگییەکان لە کەنداو و ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست لەنگەر دەگرن لە نێویاندا کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت هەیە.

ھەواڵی زیاتر