دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کاری دیلیڤەری بۆ کوشتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنرێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق کاری دیلیڤەر لەنێو شارەکاندا ڕێک دەخات و دەڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا، پیشەکە بۆ تاوانی کوشتن و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان بەکار هێنراوە.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە لیژنەیەکی باڵای بە مەبەستی ڕێکخستنی کاری گواستنەوەی ژەمی خێرا ‘دیلیڤەری’ لەنێو شارەکاندا پێک هێناوە و ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە ڕۆژانە کارەکە دەکەن.

هۆی پێکهێنانی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

لەبارەی هۆی پێکهێنانی لیژنەکە، میری باسی لەوە کرد “وەزارەتەکە زانیاریی دەستخستووە، هەندێک کەس لە ماوەی ڕابردوودا ئەو پیشەیەیان بۆ هەندێک تاوانی کوشتن، دزی و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە، بۆیە بڕیاریان داوە کارەکە ڕێک بخەنەوە، بە شێوەیەک دەستی ‘باندە تاوانکارەکان’یان پێ نەگات.

لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زانیاریی کەسیی شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆرسکیلانە وەردەگرێت کە ڕۆژانە کاری دیلیڤەری دەکەن و لە فایلە ئەمنییەکانیان دەکۆڵێتەوە.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕێکخستنی کاری دیلیڤەری، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کرێکارانی ئەو بوارە دەبێت، چونکە ئەگەر لە داهاتوودا بە هەر هۆیەک، ڕێگاوبانەکان گیران، ڕێگەیان پێ دەدرێت هاتوچۆ بکەن، بەوپێیەی لەلایەنی ئەمنییەوە ناسراون.