نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە پارێزگای کەربەلا بەرزبووەتەوە

ناجێگریی بازاڕ و بەرزی و نزمی بەهای دۆلار نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەکییەکانیان لەپارێزگای کەربەلا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.

هاووڵاتیانی کەربەلا دەڵێن؛ “کەسانی ئاسایی بەهۆی بەرزی نرخەکانەوە ناتوانن پێداویستی ڕۆژانەیان بکڕن، حکوومەتیش تا ئێستە دەستەوەستانە لەچارەکردنی کێشەکان و دانانی سنوورێک بۆ ئەو مافیایانەی بازاڕ قۆرغ دەکەن”.

کێشە و دەردەسەرییەکانی خەڵکی عێراق لەچەند پارێزگایەک و لەناویشیاندا کەربەلا بەردەوامە، چونکە نرخی پێداویستیە سەرەکییەکان بەرزبوونەوە، خەڵک ناتوانن ئەوشتانەی پێویستیانە ڕۆژانە بەدەستی بهێنن، چەند هۆکارێک قەیرانەکەیان قوڵترکردووەتەوە لەوانەش: بەرزی بەهای دۆلار، کە ئێستەشی لەگەڵ بێت حکوومەت بێتوانا بووە لە دانانی سنوورێک بۆ ئەم کێشەیە.

هاووڵاتییەکی کەربەلا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، من وەکو کاسبێک ناتوانم شت بکڕم، چونکە هەڵاوسان هەیە و نرخی شتەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، ئەم بودجە گەورەیەمان هەیە، بەڵام هەڵاوسان و دۆلار هەر بەرزە. هەروەها من شەش منداڵم هەیە، تاوانم چییە ناتوانم پێداویستی و داوکارییەکانیان دابینبکەم؟”

ماجید خەیات، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە گوتی، “دۆخی ژیان و ئابووری هاووڵاتیانی عێراق لاوازە، ئێمە لەبودجەکەماندا پارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان تەرخان نەکراوە، لە بنەڕەتدا عێڕاق هیچ پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان نییە. کە نرخ بەرزدەبێتەوە جارێکی دیکە دانابەزێت”.

لاوازی ئابووری عێراق کاریگەریی لەسەر زیادبوونی هەڵاوسان بۆ زیاتر %3 بووە، لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق، پسپۆڕانیش دەلێن، حکوومەت بێتوانایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکاریانەی لەبازاڕە ناخۆییەکاندا ڕوودەدات.

لای خۆیەوە زمان ساحیب، سەرۆکی ژووری بازرگانی ڕایگەیاند، “ئێمە وەک دەوڵەت پێویستە لەسەرمان گرنگی زیاتر بەکەرتی پیشەسازی بدەین، چونکە ئەو توانایەمان هەیە، پێویستە گرنگی بە پرۆژەی بچووک بدەین و ڕێگەنەدەین هاووڵاتی تەنها سەرنجی لەسەر دامەزراندن بێت. گەر ئێمە تەنها پشت بە دامەزراندن ببەستین خودا دەزانێت چیمان بەسەردێت”.

چەند ئاڵنگارییەک بەرۆکی حکوومەتی عێراقییان گرتووە، پێویستە پەنا بۆ کەسانی بەئەزموون و پسپۆڕ ببات بۆ دانانی پلانێکی زانستی ئابووری لەپێناو تاکی عێراقی و دوورخستنەوەی بازاڕەکان لەچنگی مافیا قۆرغکارەکان، کە هیچ خەمێکیان نییە جگە لە زیانگەیاندن نەبێت بە سامانی عێراق.

ھەواڵی زیاتر