یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی چالاك ده‌كات

له‌پێناو پارێزگاریكردن له بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك، كه‌ له‌ تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر جورف سه‌خر له‌ بابل، ئه‌مه‌ریكا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر هێڵی گه‌رم و به‌ قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ ده‌وروبه‌ری بنكه‌کانی له‌ عێراق و، سیسته‌می بەرگریی ئاسمانیی چالاك ده‌كات.

بۆ به‌رگریكردن له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عێراق، واشنتن په‌نا ده‌باته‌ به‌ر هێڵی گه‌رم. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكایان بۆ مێدیا عێراقییه‌كانیان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌، سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ست به‌ نیگه‌رانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ عێراق له‌ تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر جورف سه‌خر، به‌تایبه‌ت بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د، كه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج و هه‌ندێك جار ئامانجه‌كه‌یان به‌ وردی ده‌پێكێت.

به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌، له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێری ڕابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كی چڕ له‌ نێوان سه‌ركرده‌ ئه‌مه‌رییكه‌كان له‌ڕێگه‌ی هێڵێكی گه‌رمه‌وه‌ هه‌بووه له‌باره‌ی مه‌ترسیداری هه‌ر جۆره‌ وه‌ڵامێك و ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د به‌ داخراوی بهێڵێته‌وه‌، له‌كاتێكدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا هێرشی ڕاسته‌وخۆ بكرێته‌ سه‌ر بنكه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌، بنكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ ئاماده‌باشی باڵا و دڵه‌ڕاوكێ دان و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەکانیان به‌ قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ ده‌وروبه‌ری بنكه‌كان چالاك كردووه‌ و په‌یامی هێوركه‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ی هێلی گه‌رمه‌وه‌ به‌رده‌وامن، له‌كاتێكدا پێشبینی ناكرێت له‌ چ سات و كاتێكدا هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌حمه‌د یاسری پسپۆڕ له‌ بواری سیاسی و ئه‌منی ئاشكرای كرد، وه‌ڵامی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ به ‌ئامانجكردنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ بابل وه‌ڵامێكی كلاسیكی ده‌بێت و له‌ڕێگه‌ی درۆنه‌وه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د یانیش ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌گوته‌ی یاسری، هه‌رچه‌ند وه‌ڵامی گرووپه‌كان ته‌نیا بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكه‌، چونكه‌ توانا سه‌ربازییه‌كانیان له‌ ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوویدا لێكه‌وته‌كانی مه‌ترسیدار ده‌بن و له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكاش بۆ ئه‌وان كوشتنی سه‌ركرده‌ باڵاكانی ئه‌و گرووپانه‌ بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ خراونه‌ته‌ ناو لیستی به‌ئامانجگیراوانی ئه‌مه‌ریكا.