سبەی تەرمی کۆچبەرانی خنکاوی کورد لە ئیتاڵیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، سبەی تەرمی ئەو 40 کۆچبەرە کوردە لە ئیتاڵیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر کە دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، بەلەمەکەیان لە کەنارەکانی ڕیگیۆ دێ گالیبێریا ئیتاڵیا تێکشکاو خنکان.

لە ڕیگیۆ دێ گالیبێریا، ئەو شارەی بەدوای تەرمی کۆچبەران دەگەڕان لەگەڵ ئەوانەی ڕزگاریشیان بوو، سەرباری ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە بوون، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە هەوڵی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا کە دایان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ هەرێمی کوردستان، سبەی ئەو تەرمانە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.

لەگەڵ ڕووداوەکاندا، ڕێزان محەمەد ساڵح نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لەگەڵ پۆلیس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە، لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو هاووڵاتییانە بوو کە لە بەلەمەکدا نقوم ببوون، هەر بۆیە توانرا 40 تەرم بدۆزنەوە، لەنێو ئەو ژمارەیەدا 13 کەسیان ناسراونەتەوە کە کوردن، هەشتیان خەڵکی باشووری کوردستانن، پێنجیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەوانەی ناسراونەتەوە و سبەی تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە ئەمانەن.

هەژار محەمەد ئەحمەد

دەریاز ئارام عومەر عوسمان

پاڵەوان عومەر عەوڵا

میران قادر ئەحمەد

نیلام هاوکار موسا

ئارام عەبدولڕەحمان حەحمەد

خونچە مەلا نەبی

میلان حاجی خدر

حەدیس زنجیری

ماکان نەجەفیە نەجفری

موعین عەلی پور

پێشەوا دەروێش

پژمان نەزمارا

ئەوانە ئەو تەرمانەن کە تا ئێستا ناسراونەتەوە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە ئیتاڵیایە کە بڕیاڕە سبەی پاش نیوەڕۆ بگەڕێندرێنەوە کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، یەختەکەیان نوقمبوو، بۆتە کەیسێکی یاسایی و حکوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەن.

ھەواڵی زیاتر