كارزان گلی – ههولێر
هەردوو پارتی هاوپەیمان، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، خەریكی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، كە بڕگەیەكی ئەو یاسایە ئاییندەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دیاری دەكات. ئەو دوو پارتە دەیانەوێت، 50+1 بۆ سەركەوتنی هەر كاندیدێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ 40+1 كەم بكەنەوە.
گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و كەم كردنەوەی رێژەی سەركەوتنی كاندیدی سەركۆمار بۆ 40+1 ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە هەموو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دژی وەستاونەتەوە.
لە 2017 كاتێك ئەردۆغان توركیای بردە ناو ریفڕاندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور و توانی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بكاتە كۆماری، ئەوكاتیش ئەو دوو پارتە واتە (مەهەپە و ئاكەپە)، دەنگی پێویستیان نەبوو لەناو پەرلەمان دەستوور هەموار بكەنەوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ گەل و توانرا بە دەنگی زۆرینەی گەل، سیستەم ببێتە سەرۆكایەتی.
بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و نەگەڕێنەوە بۆ گەل، پێویست دەكات دوو لەسەر سێی ئەندام پەرلەمانەكان بە ”بەڵێ“ دەنگ بدەن، بەڵام دەنگی ئاكەپە و مەهەپە ئەو رێژەیە نییە، بۆیە ناچارن بە ریفڕاندۆم ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە گەل لە ریفڕاندۆمدا بە ”بەڵێ“ دەنگ دەدات تا رێژەی سەركەوتنی كاندیدی سەرۆكایەتی ببێتە 40+1؟
بە گوێرەی شڕۆڤەی زۆرێك لە سیاسییەكانی توركیا، ئەستەمە گەل وەكوو ریفڕاندۆمی 2017 بە ”بەڵێ“ دەنگ بدەن، چونكە گۆڕینی ئەو یاسایە یەك ئامانجی هەیە، ئەویش بوونەوەی ئەردۆغانە بە سەركۆماری توركیا بۆ سێ خول.
ئەردۆغان و پارتەكەی، بەرچاویان روون بووەتەوە، كە ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ببنەوە بە زۆرینە و بۆ پۆستی سەركۆماریش ئەردۆغان ناتوانێت 50+1 بەدەستبهێنێت، بۆیە دەیانەوێت ئەو رێژەیە بۆ 40+1 كەم بكەنەوە.
رەوشی ئابووری توركیا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت. حاڵی پارەكەیان ئاشكرایە و بووەتە یەكێك لە پارە بێبەهاكانی دونیا، بۆیە خەڵك لە برسان رۆژانە لە میدیاكانەوە گلەیی دەكەن و داوای گۆڕینی حكوومەت دەكەن. هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش بەرچاوروونی دایە ئاكەپە، كە دەنگەكانیان بەرەو لاوازی دەچێت، چونكە بۆ یەكەمجار بوو دوای ٢٢ ساڵ، بوونە پارتی دووەم و جەهەپە بووە پارتی یەكەم.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی موراد گەزیجی، سەرۆكی دەزگای راپرسی (گەزیجی) بڵاوی كردووەتەوە، رەنگە توركیا بچێتە ناو ریفڕاندۆم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، چونكە بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنە چارەسەرە بۆ بوونەوەی ئەردۆغان بە سەركۆماری توركیا بۆ جاری سێیەم.
ئەوەی گرنگە بۆ ئاكەپە و مەهەپە و خودی ئەردۆغان، ئەگەر ریفڕاندۆم بكرێت بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، كورد لە باكووری كوردستان دەنگی پێبدەن، یاسایەكە دەنگی پێویست دەهێنێت، چونكە لە ریفڕاندۆمی 2017، كوردێكی زۆر و ئەوانەی موحافیزكارن و سەر بە هیچ پارتێكی سیاسی نین، بە ”بەڵێ“ دەنگیاندا، بۆیە ئەردۆغان لە وتاری سەركەوتندا، سەرەتا سوپاسی كوردی كرد.
بۆ ئەمجارەشیان، فۆكەس دەخرێتە سەر كوردی باكوور و دەنگی ئەوان یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ سەركەوتنی دەنگی“بەڵێ“ لە ریفڕاندۆمدا.
بەڵام بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی ماوەی شەش مانگ دەبێت خراوەتە سەر كورد، بەوەی ئەندامانی دەم پارتی دەستگیر دەكرێن و هەروەها، لەسەر هەڵپەڕكێ بە كوردی ١٥ كورد دەستگیر دەكەن، ئەمانە كوردە موحافیزكارەكان لە ئاكەپە دوور دەخاتەوە.