لەسەر هەڵپەڕكێی كوردی ١٥ كەس لە توركیا دەستگیر دەكرێن

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە چەند رۆژی رابردوو، لە مێرسین و ئیستانبۆڵ و سیرت، زیاتر لە ١٥ كورد دەستگیر كراون، هۆكارەكەشی ئەنجامدانی هەڵپەڕكێی كوردییە، پۆلیس دەڵێت ئێوە ئاساییشی توركیا تێكدەدەن و هەڵپەڕكێی كوردی قەدەغەیە. ئەم رووداوانە، لەلایەن كوردانی باكوورەوە ئیدانە دەكرێت و بەتوندی دژی دەوەستنەوە، بەڵام سیاسییە توركەكان بێدەنگن و هیچی لەسەر ناڵێن.

سیاسەتی حكوومەتی توركیا بەرامبەر بە كورد، زۆر توند بووە، رۆژانە هاووڵاتی كورد لەسەر گۆرانیی كوردی و هەڵپەڕكێی كوردی و قەسەكردن بەزمانی كوردی لە شوێنە گشتییەكان سووكایەتیان پێدەكرێت و پۆلیسیش بێدەنگە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردوەتەوە، ئەو كەسانەی گوایە لەسەر هەڵپەڕكێی كوردی دەستگیر كراون درۆیە و ئەوان دروشمی پەكەكەیان بەرز كردوەتەوە بۆیە دەستگیر كراون، بەڵام بەڵگەكان و ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن، دەڵێن هیچ دروشمێكی پەكەكە بەرز نەكراوەتەوە، ئەوان هەڵپەڕكێی كوردیان كرد و پۆلیس هەڵیكوتایە سەریان.
لەیلا زانا، سیاسەتوانی بەناوبانگی باكووری كوردستان، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو ١٥ كوردەی هەڵپەڕكێی كوردیان كردووە دەڵێت: ”كورد لەوە زیاتر توڕە مەكەن، هەموومان بە گۆرانی كوردی و دەهۆڵ و زوڕنا و دروشمەكانمانەوە دێینە مەیدان و بەخۆشییەوە بووونمان هەیە“.
جیا لە زانا، چەندین سیاسی تری كورد، ئیدانەی ئەو سووكایەتییەیان كردووە كە بە كورد دەكرێت، بەوەی تەنیا لەبەر هەڵپەڕكێی كوردی دەستگیر دەكرێن و هاتوونەتە دەنگ و داوا دەكەن پارتە سیاسییەكان هەڵوێستیان هەبێت.
گوڵستان كوچیەغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی، وەكوو كاردانەوەیەك بۆ حكوومەتی توركیا لەبارەی گۆرانیی و هەلپەڕكێی كوردی، دەڵێت گۆرانی ”دەمرم توركیا“ مووزیكەكەی كوردییە و تورك دزیویەتی، هەر بە موزیكی كوردی، كورد ئازار دەدەن.
مەبەستی گۆڵستان ئەوەیە، كاتێك ئەو كوردانەی لە مێرسین و ئیستانبۆڵ، بەهۆی هەڵپەڕكێی كوردی دەستگیر كراون، پۆلیس بە زۆر گۆرانی ”دەمرم توركیای“ لێداوە و پێیانی گوتووە گوێی لێبگرن و شانازی بە توركبوونی خۆتانەوە بكەن.
موسا عەنتەر، لە بیرەوەرییەكانیدا، باس لە رووداوێك دەكات، كە لە شەقامی ئیستقلال لە تەقسیم لە ئیستانبۆڵ، بە فیكە گۆرانییەكی كوردی گوتووە، واتە تەنیا بە فیكە مووزیكی گۆرانییەكی كوردی گوتووە، پۆلیس دەستگیری كردووە و دادوەر پێی گوتووە، بۆت نییە بە فیكەش گۆرانی كوردی بڵێیت.
رووداوی دەستگیركردنی چەندین گەنجی كورد، بەهۆی ئەوەی هەڵپەڕكێی كوردیان كردووە، جیاوازییەكی لەگەڵ فیكە لێدانەكەی عەنتەردا نییە، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی بەشێك لە سیاسیەكانی باكووری كوردستان.
لە سۆسیال میدیا، كوردانی باكووری كوردستان، لە ناوەوە و دەرەوەی توركیا، گۆرانیی كوردی و هەڵپەڕكێی كوردی دادەنێن و دەڵێن، شانازی بە كلتووری خۆمانەوە دەكەین و هیچ هێزێك نییە لێمانی قەدەغە بكات.
هەزاران گۆرانی كوردی و هەڵپەڕكێی كوردی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاوكراوەتەوە و كوردبوونی خۆیان لەوڕێگەیەوە دوپاتكردووەتەوە.
لەرووداوێكی تردا، لە سیرتی باكووری كوردستان، لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا، سێ كچی یەك خێزان، بەهۆی ئەوەی هەڵپەڕكێی كوردییان كردووە و گۆرانیی كوردیان گوتووەتەوە، پۆلیس هەڵیكوتاوەتە سەریان دەستبەسەری كردوون و سووكایەتی زۆری پێكردون.
دوای ئەوەی ئازاد كراون، تولای حاتمئۆغڵو، هاوسەرۆكی دەم پارتی، سەردانی ئەو ماڵەی كرد و ئیدانەی ئەو كردەوەیەی كرد.
تولای لەهەژماری خۆی لە (X) دەنووسێت: ”هیچ هێزێك ناتوانێت ئازادی هەڵپەڕكێمان لێ زەوت بكات. ئەمشەو لە بەشێكی زۆری سەنتەری شارەكاندا هەڵپەڕكێی كوردی دەكەین و بە نەژادپەرستەكان دەڵێین نەخێر بۆ ئێوە“.
هۆشیار ئۆزئاڵپ، شڕۆڤەكاری سیاسی باكووری كوردستان، دەڵێت، كوردەكان لە توركیا تەنیا هەڵپەڕكێیان لەدەستدابوو، ئەویشیان لێ زەوت كرد و ئیدی هیچ شتێك نامێنێت مۆڕكی كوردی پێوە بێت.
گوڵستان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە گوتەیەكیدا لەناو پەرلەمانی توركی گوتی: ”لەوە زیاتر دەماری توڕەییمان بەرز مەكەنەوە، وەڵاهی دەهۆڵ و زوڕنا دەهێنینە ناو باخچەی پەرلەمان و هەڵپەڕكێی كوردی دەكەین، ئەگەر ئەوەش نەكرا، دەیهێنینە ناو هۆڵی پەرلەمان“.

ھەواڵی زیاتر