پۆلیسی هەولێر تۆمەتباری دزینی حەوت ئۆتۆمبێل دەستگیر دەکات

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، حەوت ئۆتۆمبێڵی لە شاری هەولێر دزیوە و هەوڵیداوە ئۆتۆمبێلەکان لە دەرەوەی شاری هەولێر بە نرخێکی هەرزانتر بفرۆشێتەوە.

نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: توانیویانە دەست بەسەر چەند بەڵگەیەکدا بگرن کە لەکاتی دزیەکاندا تۆمەتبار بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی شێوەی ئۆتۆمبێڵەکەی بگۆڕێت بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە و سویچی جۆکەری بەکارهێناوە، تابلۆی ساختەشی بەکارهێناوە، هاوکات ڕەنگی ئۆتۆمبێلەکانی گۆڕیوە، چەکی بێ مۆڵەتی پێ بووە و پارە لەناو ئۆتۆمبێلەکان بووە کەلەنێو ئۆتۆمبێلەکان بووە، لەگەڵ ساڵیانە و تابلۆی ساختە.

نەقیب کارزان ساڵح دەڵێت: هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لەدەستی یاسا و هێزە ئەمنییەکان دەربازیی نابێت، هەر کەسێک هەر تاوانێک ئەنجام بدات، لەلایەن تیمەکانی  پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن.

داوای لە هاووڵاتیانیش کرد لەکاتی هەر کێشە و ڕووداوێک پەیوەندیی بە هێلە گەرمەکانی پۆلیسەوە بکەن، یاخود سکاڵا لە نزیکترین بنکەی پۆلیس تۆمار بکەن.

حاجی عارەب یەک لەو هاووڵاتییانەیە کە ئۆتۆمبێلەکەی دزرابوو، بۆ کوردستان24 گوتی: کە هەواڵیان پێیاندام ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزیومەتەوە، نەوەک هەر خۆم، خێزان و خانەوادەکەشم زۆر دڵخۆش بووین.

بەشیر ئیدریسیش هاووڵاتییەکی دیکەبوو ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن تۆمەتبارەکەوە دزرابوو گوتی: سوپاسی هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەکەین، لە ڕووداوەکە شەونخۆیان کرد بەشێوەیەک لەکاتێکی زۆر کەم ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزیەوە و بۆیان گەڕاندمەوە، ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی  کرد کە توانیوویەتی ئارامی و سەقامگیریی هەولێر و کوردستان بپارێزێت.

ھەواڵی زیاتر