کوێستان محەممەد: لەم کابینەیەدا بایەخێکی باش بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دراوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شارۆچکەی کفری ڕایگەیاند “لەم کابینەیەدا بایەخێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دراوە، نۆژەنکردنەی سەنتەری ئۆتیزم داواکارییەکی دیکەی مانگرتووانی شارەکە بوو، بۆیان جێبەجێ کرا”.

کوێستان محەممەد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی مانگرتووانی کفری، ئەمڕۆ سەنتەری تۆتیزم لە کفری دەکەینەوە و هیوادارین سەنتەرەکە خزمەت بە هەموو سنووری ئیدارەی گەرمیان بکات، هەرچەندە لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی دیکەی ئۆتیزم لە کەلاریش دەکەینەوە”.

گوتیشی: بۆ ستافی سەنتەری ئۆتیزم لە کفری ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانمان بۆ دامەزراندنی 30 فەرمانبەر وەرگرتووە، دوای پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن، چاوپێکەوتن کراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو ناوی دامەزراوەکان ئاشکرا دەکرێن، هەر کەسێکیش خۆی بە بەشخوراو دەزانێت، دەتوانێت تانە بنووسێت و پێداچوونەوە بە تانەکەیدا دەکەین.

ڕاشیگەیاند “لەم کابینەیەدا لە هەموو ڕووێکەوە بایەخ بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دراوە، بە تایبەت تووشبووانی ئۆتیزم کە لە چەند شارێک سەنتەری تایبەتیان بۆکراوەتەوە و ستافیان بۆ دابین کراوە”. گوتیشی: ڕاهێنانمان بۆ ستاف و خێزانەکانی تووشبووانی ئۆتیزیم کردووە.

لە بارەی دروستکردنی بینای چاکسازیی شارەکە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: دوای ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆکە وەزارەتی دارایی دەرخستەکەی پەسەند کردووە و دوای گەیشتنی بە قایقامییەتی کفری دەخرێتە تەندەر بۆ ئەوەی وەبەرهێنێک بیناکە دروست بکات و دواتر ستافی بۆ دادەمەزرێنن، ئەمەش یەکێکی دیکە دەبێت لە جێبەجێکردنی داواکاری مانگرتووانی کفری.

کوێستان محەممەد ڕاشیگەیاند “هەر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی داواکارییەکان، دایەنگە کفری نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها چەند ژوورێک لە چاکسازیی ژنان وەرگیراوەتەوە بۆ پەیمانگەی نابیستان کە ساڵی ڕابردوو 16 قوتابی هەبوون، بەڵام ئەمساڵ زیاترن و بۆ هەر منداڵێکیش هاوکارییەکی مانگانەی 30 هەزار دیناری خەرج کراوە. بۆ ساڵی داهاتووش ژەمێک خواردنیان پێ دەدرێت و پاسی تایبەتیشیان هەیە بۆ هاتووچۆ، هەموو ئەو کارو پرۆژانەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ کراون”.

ھەواڵی زیاتر