پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕی تەواوەوە ئامادەی بەرەو پێشبردنی توانای کارمەندانی خۆیەتی لەبواری میدیادا

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕی تەواوەوە ئامادەی کرانەوەو بەرەو پێشبردنی توانای کارمەندانی خۆیەتی لەبواری میدیادا، بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو لەپرسی گەیاندنی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:  لەگەڵ گوتەبێژی بەشێک لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (ئاڵوگۆڕی ئەمریکی سەرکردەیی سەردانکەرانی نێودەوڵەتیـی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چاومان بە بەرپرسی پڕۆگرامەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و پاریس گڵندنینگ حاکمی پێشووی ویلایەتی میریلاند کەوت، لە پنتاگۆنیش لەگەڵ بەرپرسانی میدیایی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کۆ بووینەوە.

پێشەوا هەورامانی ڕایدەگەیەنێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕی تەواوەوە ئامادەی کرانەوەو بەرەو پێشبردنی توانای کارمەندانی خۆیەتی لەبواری میدیا، بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو لەپرسی گەیاندنی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان،هەروەها بە سوپاسەوە لەهەوڵ و پەرۆشی حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە دەڕوانین بەرامبەر هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەم بابەتەدا.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ڕۆژانی ئایندە و بۆ هەمان مەبەست، چەند دیدارێکی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی دادو بەرپرسانی خۆجێیی چەند ویلایەتێک دەبێت.

پێنجشەممە 25ـی تەممووزی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاوی کردەوە، خۆشحاڵن ئەم هەفتەیە 11 گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی ئەمریکیی سەرکردەی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی کە بە ئای ڤی ئێڵ پی (IVLP) ناسراوە.

کونسوڵخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گوتەبێژەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی پڕۆگرامەکەوە ئاشنا دەبن بەوەی حکوومەتی ئەمەریکا چۆن پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا بەڕێوەدەبات، هەروەها زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگرن کە چۆن حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەت لەسەر ئاستی ویلایەتەکان و حکوومەتە خۆجێییەکان زانیاریەکانیان دەدەنە ڕاگەیاندنەکان و هاووڵاتیان بە گشتی.

دەشڵێت: ئەم پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ باشترکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا.

ھەواڵی زیاتر