تۆمەتبار بە کیلۆیەک ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات، 6 تۆمەتبار بە کیلۆیەک ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیر کران.

سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە 29ـی تەممووزی 2024،  توانیویانە دەست بەسەر کیلۆیەک ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵدا بگرن.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایدەگەینێت: لەم چاڵاکییەدا کە ماوەی دوو رۆژی خایاند، باندێکی شەش کەسی مەترسیدار کە کاری بڵاوکردنەوەو کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد دەستگیرکران، هەروەها درۆنێکیش کە لەم تاوانکاریەدا بەکار دەهێنرا لەگەڵ چەند پارچە چەک و نارنجۆک و بڕێک دۆلاری ساختەش، دەستی بەسەردا گیرا.

نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کردووە، تەواوی تۆمەتباران لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

ھەواڵی زیاتر